Accessibility links

سەرۆک ترامپ ڕێککەوتنێکی "مێژوویی" بۆ چەکداماڵینی تەواوەتی حەماس ڕادەگەیەنێت

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند 'دەستەی ئاشتی' گەیشتە ڕێککەوتنێک بۆ چەکداماڵینی تەواوەتی حەماس و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا غەززە دەکەوێتە ژێر دەستەڵاتی حکومەتێکی نوێی فەڵەستینی.

سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ دەستەی ئاشتی گەیشتە ڕێکەوتنێکی مێژوویی بۆ چەکداماڵینی تەواوەتی حەماس و هەموو گروپە چەکدارەکانی دیکە لە غەززە. ئەمە هەنگاوێکی مەزنە بەرەو ئاشتی و ئاسایشی بەردەوام."

سەرۆک ترامپ گوتی چەکداماڵینی حەماس هەنگاوێکی زۆر گرنگە بەرەو بەڕێوبردنی غەززە لەلایەن حکومەتێکی نوێی فەڵەستینی کە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ 'دەستەی ئاشتی' هەبێت بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی فەڵەستین. "لە هەمان کاتیشدا، ئیسرائیل ئاسایشی شایەنی خۆی دەبێت و هیچی تر غەززە نابێتە بنکەیەک بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆرستی."

ترامپ ڕایگەیاند، " ئەمە وەرچەرخانێکی گەورەیە لە جێبەجێکردنی پلانی '20 خاڵیی ترامپ'. ڕێککەوتنەکە بە شێوەیەکی قۆناغی و بە وردی داڕێژراو جێبەجێ دەکرێت. لەگەڵ تەواوبوونی پرۆسەی چەکداماڵینەکە، هێزەکانی ئیسرائیل دەکشێنەوە و 'هێزی سەقامگیری نێودەوڵەتی' لەگەڵ هێزێکی نوێی پۆلیسی فەلەستین کاردەکات بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی ئاسایشی غەززە بۆ دانیشتووانی و دراوسێکانی لە ئەستۆ بگرێت."

ترامپ ئاماژەی دا بە ئاڵۆزییە خوێناوییەکانی ساڵی ڕابردوو و قەیرانی مرۆیی لە غەززە. دەڵێت لەو کاتەوە پێشکەوتنی مێژوویی بەدەست هاتووە و "کاری زۆر زیاتریش ماوە."

سەرۆکی ئەمەریکا سوپاسی ڕۆڵی نێوەندگیریی میسڕ و قەتەر و تورکیا و تیمی دانوستاندنی ئەمەریکای کردووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنەکە.

دەشڵێت، " ئەو مەترسییەی 7ـی ئۆکتۆبەر کە لە غەززەوە سەریهەڵدا، ڕێگەی پێنادرێت دروست بکرێتەوە! بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، غەززە لە کۆتاییدا دەکەوێتە دەست حکومەتێکی نوێی فەلەستینی کە خزمەت بە خەڵکەکەی دەکات."

ترامپ لە کۆتاییدا پیرۆزبایی گەیشتن بەو ڕێککەوتنە دەکات "کە پێشتر هەموو کەس دەیگوت هەرگیز ناتوانرێت بەدەست بهێنرێت."

This item is part of
XS
SM
MD
LG