فەرماندەی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕۆژی پێنجشەممە ئەو بانگەشەیەی سوپای پاسدارانی ئێرانی ڕەت کردەوە کە گوایە هێزەکانی ئێران لە هێرشێکدا توانیویانە فڕۆکەی جەنگی ئێف-35 تێک بشکێنن.
سێنتکۆم لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس ڕایگەیاند، "هیچ فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمەریکایی لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێراندا لەناو نەچووە و زیانیان پێنەگەیشتووە."
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئێران ڕۆژی پێنجشەممە بانگەشەی ئەوەیان کرد کە لە هێرشێکی ئەم دواییەدا بۆ سەر بنکەیەکی ئاسمانی ئەمەریکا، هێزەکانی ئێران توانیویانە شەش فڕۆکەی ئەمەریکا تێک بشکێنن، کە لەنێوانیاندا سێ فڕۆکەی ئێف-35 هەن.
بەڵام سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند کە هەموو مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران خراونەتە خوارەوە و نەگەیشتوونەتە ئامانجەکانیان.
سێنتکۆم هەروەها ڕایگەیاند کە بانگەشەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە هەڕەشەکان لە گەرووی هورمز درۆیە.
سێنتکۆم وتی، "هەڕەشە دەستبەجێیەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و تیمە مەدەنییەکانیان، هەر قسە و باسی سوپای پاسدارانە و هەوڵی هێرشکردنە."
سوپای ئەمریکا لە هەمان پۆستدا ڕایگەیاندووە کە میدیای دەوڵەتی ئێران باس لەوە دەکەن کە کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی گەمارۆی ئەمریکای شکاندووە. سێنتکۆم دەڵێت ئەو بانگەشەیەش درۆیە.
سێنتکۆم ڕایگەیاند کە زیاتر لە 20 کەشتی جەنگی ئەمەریکایی و سەدان فڕۆکەی جەنگی و هەزاران سەرباز گەمارۆکە لە گەرووەکەدا جێبەجێ دەکەن.