Accessibility links

سینات پاڵێوراوی سەرۆکایەتی ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی هەڵدەسەنگێنێت

سارا ڕۆجەرز، کاندیدی سەرۆک دونالد ترامپ بۆ پۆستی بەڕێوەبەری ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی (USAGM)، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەبەردەم لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات ئامادە بوو بۆ دانیشتنێکی پەیوەست بە هەڵسەنگاندن و پەسەندکردنی بۆ ئەو پۆستە.

دەنگی ئەمەریکا دەزگایەکە سەر بە ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی.

لە وتەی دەستپێکدا، ڕۆجەرز جەختی لە گرنگی ئازادی ڕادەربرین و گەیاندنی زانیاری دروست کردەوە و وتی کە پێویستە ئەمەریکا شێوازەکانی گەیاندنی زانیاری نوێ بکاتەوە و بەرەنگاری بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی دەرەکی ببێتەوە.

ڕۆجەرز ڕایگەیاند، "ئەگەر پەسەند بکرێم، تەنها پشت بە تەلەفزیۆن و ڕادیۆ نابەستین. بۆیە جگە لە بەردەوامبوون لە میدیای کلاسیکی، کارەکانمان فراواندەکەین بۆ پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان و ڤیدیۆی کورت و پۆدکاست."

ڕۆجەرز ئێستا وەک جێگری وەزیری دەرەوە بۆ دیپلۆماسی گشتی و کاروباری گشتی کاردەکات. سەرۆک ترامپ لە مانگی سێی ئەمساڵدا بە فەرمی ئەوی پێشنیاز کرد بۆ پۆستی بەڕێوەبەری ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی.

پێش ئەوەی ئەنجومەنی سینات دەنگ لەسەر پەسەنکردنی بدات، ئەندامانی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات کاندیدکردنی ئەو هەڵدەسەنگێنن.

پێش وەرگرتنی پۆستی حکومی، ڕۆجەرز وەک پارێزەر کاریکردووە و بڕوانامەی لە زانکۆی دارتموث و کۆلێژی یاسای زانکۆی کۆڵۆمبیا وەرگرتووە. بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە ماوەی کاری پیشەییەکەیدا، ئەو لە دۆزە یاسایییەکانی پەیوەندیدار بە ئازادی ڕادەربڕین کاری کردووە.

سیناتۆر جین شاھین جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی ئامادەبوونی ئەمەریکا لە بوارەکانی ڕاگەیاندن کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە وڵاتانی وەک چین و رووسیا و ئێران بەردەوامن لە بەهێزکردنی پەیامی خۆییان. وتی، "پشتگیریمان لە دیپلۆماسی گشتیدا کرد چونکە دەمانزانی کاریگەری زۆری هەیە. هەروەها بەرەنگاری زانیاریی هەڵە و چەواشەکاری دەرەکی بووینەوە چونکە باوەڕمان وایە زانیاری ئامرازێکی ستراتیژی گرنگە."

سیناتۆر تێد کروز وتی بەهۆی ئەزموونی یاسایی و حکومی، رۆجەرز کەسێکی گونجاوە بۆ ئەو پۆستە لە کاتێکدا کە پڕوپاگەندەی دەرەکی لەزیاد بوونە. ڕاشیگەیاند، " هیچ کاتێک وەک ئێستا ئەرکی ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی گرنگ نەبووە. ئێستا ڕژێمە دیکتاتۆرییەکان پڕوپاگەندە وەک چەکێک بەکاردەهێنن بۆ لاوازکردنی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی."

کاندیدکردنی ڕۆجەرز لە کاتێکدا دێت کە ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی لە قۆناغی ڕێکخستنەوەدایە. ئەگەر لەلایەن ئەنجومەنی سیناتەوە پەسەند بکرێت، ڕۆجەرز سەرپەرشتی چەند دامەزراوەیاکی میدیای دەکات کە بە زمانی جیاواز هەواڵ و زانیاری بڵاودەکەنەوە.

ئاژانسی ئەمەریکا بۆ میدیای جیهانی دامەزراوەیەکی فیدراڵییە کە سەرپەرشتی دەنگی ئەمەریکا و ڕادیۆی ئازادی/ڕادیۆی ئەوروپای ئازاد و ڕادیۆی ئاسیای ئازاد و ژمارەیەک دامەزراوەی ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی دیکە دەکات.

This item is part of
XS
SM
MD
LG