دادگایەکی فیدراڵی لە نیویۆرک ڕۆژی چوارشەممە ئەو کەسەی بە تاوانبار دانا کە چوار ساڵ لەمەوبەر بە چەقۆ هێرشی کردە سەر نوسەر سەلمان ڕوشدی لەبەر نوسینی کتێبی "ئایەتە شەیتانییەکان."
تاوانبارەکە، هادی مەتار، تەمەنی 28 ساڵە و لەدایکبووی ویلایەتی کالیفۆرنیایە. پێشتر دایوبابی ئەو کەسە لە باشوری لوبنانەوە کۆچیان کردووە بۆ ئەمەریکا.
مانگی 8ـی ساڵی 2022، کاتێک سەلمان ڕوشدی لە پەیمانگای چاوتاوکوا لە نیویۆرک خەریکبوو وتارێک پێشکەش بکات، هادی مەتار هێرشی کردە سەر و 15 جار چەقۆی لێ دا.
سەلمان ڕوشدی لە هێرشەکە ڕزگاری بوو بەڵام چاوی ڕاستی لەدەست دا.
ڕۆژی چوارشەممە لە شاری بەفەلۆ لە ویلایەتی نیویۆرک لیژنەیەکی دادوەری فیدراڵی سێ تۆمەتی دژ بە هادی مەتار پشتڕاست کردەوە کە بریتی بوون لە هەوڵی دابینکردنی هاوکاری بۆ حزبوڵای لوبنان و ئەنجامدانی کردەی تیرۆرستی و هاوکاری بۆ تیرۆرستان.
پێشتر هادی مەتار لە دادگاییەکی ویلایەتی نیویۆرک بە 25 ساڵ زیندانی سزا درابوو. لە دوای بڕیارە دادوەرییە فیدڕاڵییەکەی دوێنێ، تاوانبارەکە لە بەرواری 3ـی 11ـی ئەمساڵ سزا دەدرێت و ئەگەری هەیە زیندانی هەتاهەتایی بۆ دەربچێت.
داواکارانی گشتی لە نیویۆرک دەڵێن پێشتر تاوانبارەکە بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک بەدواداچوونی کردووە بۆ فەتوای ئایەتوڵا خومەینی لە ساڵی 1989 کە تێیدا بەهۆی نوسینی کتێبی "ئایەتە شەیتانییەکان" سەلمان ڕوشدی بە "کافر" ناوبرد و داوای کوشتنی کرد.
ئەحمەد سەلمان ڕوشدی لە دایکبووی شاری مومبایە لە هیندستان. ئەو ئێستا تەمەنی 79 ساڵە و دانیشتووی نیویۆرکە.