Accessibility links

میسر: هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکانی دوو کەشتی بەندەری دمیات هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوان بووە

حکومەتی میسر ڕایگەیاند لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەی دوو کەشتی لە بەندەری دمیات لەو وڵاتە، هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووە.

حکومەتی میسر لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی پێنجشەممەی بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند تا ئێستا هیچ گروپ و وڵاتێک بەرپرسیارێتی خۆی لە ڕووداوەکە ڕانەگەیاندووە، هەروەها دەسەڵاتداران بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی بەرژەوەندی نیشتمانیی و ئاسایشی میسر.

پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، کۆمپانیای ئینچکەیپ ڕایگەیاند، ئاگرکەوتنەوە لە دوو کەشتی گازهەڵگر لە بەندەری دمیات لە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست ڕوویداوە.

هەروەها کۆمپانیای ئیمبریی ئاسایشی دەریایی بەریتانیا ڕایگەیاندووە کە یەکێک لە کەشتییە سووتاوەکان هی کۆمپانیایەکی ئەمەریکاییە.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا شەوی چوارشەممە دووپاتی کردەوە کە ئاگادار کراوەتەوە لە پێکدادانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەگەڵ کەشتییەکی گازهەڵگری سەر بە ئەمەریکا لە بەندەری دمیات لە میسر.

ترامپ بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو، وتی"من ئاگادار کراومەتەوە و ئەمەش تۆزێک وەک ئەوانەی پێشووتر دەچێت. بەڵام باش دەبێت."

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشت بەستن بە دوو سەرچاوەی ئاگادار لە کۆماری ئیسلامی، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ حکومەتی ئێرانی بە هۆکاری هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بەندەری میسر زانی و ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشەکە بۆ پیشاندانی تواناکانی کۆماری ئیسلامی بووە.

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە میسر بەشداربووە لە دانوستانە چوارقۆڵییەکان لەگەڵ سعودیە، تورکیا و پاکستان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG