Accessibility links

سێنتکۆم: هێرشمان کردە سەر دەیان ئامانجی سوپای پاسداران لە ئێران

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا، سێنتکۆم ڕایگەیاند هێزەکانیان شەپۆلێکی بەرفراوانیان لە هێرشکردنە سەر ئامانجەکان لە ئێران لە کاتژمێر 10ی شەو بە کاتی واشنتن دەستپێکردووە، ئەمەش لە وەڵامی هەوڵەکانی دوێنێی ئێران بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە.

سێنتکۆم لە ڕاگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، هێرشیان کردووەتە سەر دەیان ئامانجی سوپای پاسداران، لەوانە ناوەندەکانی فەرماندەیی سەربازی، دامەزراوەی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، سیستەمی بەرگری و چاودێری کەناراوەکان و توانای دەریایی ئەو وڵاتە.

ئاماژەی بەوەشکردووە ئەم هێرشانە بە مەبەستی کەمکردنەوە و لەناوبردنی مەترسییەکانی ئێران و بریکارەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و کەشتییە بازرگانییەکان و وڵاتانی کەنداو بووە.

سێنتکۆم هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە 28ی مانگی حەوت هێزەکانی سوپای پاسداران چەندین مووشەکی بالیستیکیان لە خاکی ئێرانەوە بەرەو هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵداوە، بەڵام سەرجەم مووشەکەکان ڕێگرییان لێکرا و تێکشکێندراون.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە ئێستادا زیاتر لە 50 هەزار هێزی سەربازی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیرکراون و لە بەرزترین ئاستی ئامادەیی خۆیاندان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان.

This item is part of
XS
SM
MD
LG