Accessibility links

86 سیناتۆر دەنگ بە پێشخستنی پڕۆژە یاسای "سزاکانی سەر ڕووسیا" و ئێران دەدەن

لە هەنگاوێکی دەگمەنی هاوکاری نێوان دوو حزبی سەرەکی ئەمەریکا، 86 سیناتۆر ڕۆژی سێشەممە دەنگی ئەرینیان دا بۆ پێشخستنی پڕۆژە یاسای سەپاندنی سزا بەسەر ڕووسیا و کۆماری ئیسلامی ئێران کە لەلایەن سیناتۆری کۆچکردوو ڵینزی گراهامەوە پاڵپشتی کرابوو.

ئەم پڕۆژەیاسایە کە بەناوی ڵینزی گراهامەوە ناونراوە، هێشتا پێویستی بە پەسەندکردنی دەنگی کۆتایی هەیە لە ئەنجومەنی سینات و دواتریش لە ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت تاوتوێ بکرێت.

دەنگدانەکە تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە سیناتۆرەکان لە ڕێوڕەسمێکی یادکردنەوەدا لە کەتێدراڵی واشنتن ماڵئاواییان لە سیناتۆری کۆچکردوو ڵینزی گراهام کرد.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەکسیۆس، دوای کۆبوونەوەیەکی داخراوی ئەندامانی کۆنگرێس لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێڵێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەنگدانەکە ئەنجامدراوە.

دەنگەکان بە ئەنجامی 86 دەنگی ئەرینی بەرامبەر بە 12 دەنگی نەخێر بوو. سیناتۆری کۆمارییەکان ڕاند پاوڵ لە ویلایەتی کێنتاکیی ئەمەریکا تاکە کۆماری بوو کە دەنگی دژی پێشخستنی پڕۆژە یاساکە دا.
ئەم پڕۆژە یاسایە ئەگەر پەسەند بکرێت، باجی لاوەکی بە ڕێژەی لەسەدا سەد بەسەر ئەو وڵاتانەدا دەسەپێنێت کە بەردەوامن لە کڕینی نەوت و گازی ڕووسیا.

هەروەها پلانەکە کەشتی و نەوتهەڵگرە سێبەرەکانی ڕووسیا دەکاتە ئامانج کە هەوڵ دەدن لە سزاکانی ڕۆژئاوا خۆیان دەرباز بکەن و نەوتی ڕووسیا بە نەهێنی هەناردە دەکەن.

پلانەکە لەم دواییانەدا نوێکرایە و ئێرانیشی بۆ زیاد کرا و جگە لە گوشارە ئابوورییەکانی سەر ڕووسیا، سزاکانی پەیوەست بە ئێران تا ساڵی 2031 درێژ دەکاتەوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG