Accessibility links

ترامپ: لەبەر خاتری خەڵکی ئێران هەتا ئێستا ژێرخانی وڵاتەکەم وێران نەکردووە

سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە هەڕەشەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران دووپات کردەوە، جەختی کردەوە لە وێرانکردنی پرد و وێستگەکانی ئێران ئەگەر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی نەیەنە ژێر باری ڕێککەوتن.

بەیانیی ڕۆژی سێشەممە دۆناڵد ترامپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسی پرسی ئێرانی لەگەڵ تەلەفزیۆنی فۆکس نیوز کرد.

سەرۆک ترامپ گوتی ''لەبەر خاتری نەوەد و یەک ملیۆن خەڵکی ئێران هەتا ئێستا پرد و سەرچاوەکانی وزەی ئێرانم لەناو نەبردووە، بەڵام ئەگەر حکوومەتی ئێران بە مەرجەکان ڕازی نەبێت و ناچارم بکەن، هەمووی لەناو دەبەم.''

ترامپ جەختی کردەوە لەوەی ''تەنیا یەک بۆ دوو کاتژمێرمان پێویستە بۆ ئەوەی هیچ پردێکی سەرەکیی ئێران بەپێوە نەهێڵین. هەروەها لە ماوەی یەک ڕۆژدا تەواوی سەرچاوەکانی وزەیان لەناو دەبەین.''

دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند تەنانەت لەناو پارتەکەی خۆیدا خەڵکێکی زۆر هەن کە هەوڵ دەدەن ئەو بڕیارە بدات، بەڵام دانی بەخۆیدا گرتووە لە پێناو بەخشینی دەرفەتێک بە ڕێککەوتن.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی دا بە ئەزموونی لە بواری بیناسازیدا پێش ئەوەی ببێت بە سەرۆکی ئەمەریکا. ڕایگەیاند خۆی لە بواری بیناسازی کاری کردووە و باش دەزانێت کە دروستکردنی پردێک دەیان ساڵی پێویستە، هەر بۆیە هەتا دەرفەتی هەبێت نایەوێت پەنا بۆ وێرانکاری ژێرخانی ئێران ببات.

بەڵام لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی، ''ئەگەر ئێرانییەکان نەیەنە سەر مێزی گفتوگۆ و ڕێک نەکەون، ئەو کاتە ناچار دەبم کە پەنا بۆ ئەو وێرانکارییانە ببەم کە سوپای ئەمەریکا دەتوانێت لەو وڵاتەدا ئەنجامی بدات.''

ئیدارەی سەرۆک ترامپ دەڵێت دوو مەرجی سەرەکی بۆ ئێران هەیە: یەکەم، وازهێنانی لە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی و ڕادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێندراو. دووەم، وازهێنان لە تێکدانی ئاسایش و هاتووچۆی ئازادانەی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز.

This item is part of
XS
SM
MD
LG