وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕەخنەی لە لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران لە ئێران گرت و داوای ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و ڕاگرتنی لەسێدارەدانی ئەو کەسانە کرد کە لەپێناو چالاکی ئاشتیانەی مافی مرۆڤدا سزا دراون.
ڕایلی بارنز، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ دیموکراسی، مافی مرۆڤ و کار، ڕۆژی یەکشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی "ئێمە سەرکۆنەی سزای لەسێدارەدان دەکەین کە ڕژێمی ئێران دژی هاووڵاتیانی خۆی و گەنجە ئازاکانی ئێران گرتویەتی بەر."
وتیشی "ئێمە لەگەڵ خەڵکی ئێرانداین و داوای ئازادکردنی هەموو زیندانیانی سیاسی و راگرتنی لەسێدارەدانی ئەو کەسانە دەکەین کە لەپێناو چالاکی ئاشتیخوازانەی مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکاندا دەستبەسەرن."
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی چەند مانگ پێش ئێستا ڕایگەیاند حکومەتی ئێران لە ساڵی 2025دا 2 هەزار و 159 کەسی لە سێدارە داوە.
هاوکات لەدوای هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ژمارەی لەسێدارەدراوان لە ئێران بەشێوەیەکی بەرچاو بە تۆمەتی ئاسایشی و ئەمنی زیادی کردووە.