Accessibility links

ڕوبیۆ: ئێران باجێکی قورس دەدات

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەراوێزی لوتکەی ئاسێئان(کۆمەڵەی نەتەوەکانی ئاسیای باشووری ڕۆژھەڵات) لێدوانەکانی پێشووی خۆی دووپاتکردەوە کە "ئێران ئامادە نییە بۆ ڕێککەوتن" و وتی "ئەوان باجی ئەم کارە دەدەن."

مارکۆ ڕوبیۆ ڕۆژی پێنجشەممە 23ی مانگی حەوت وتی "زیانی ئێران هەموو شەوێک زیاد دەکات تا ئەو کاتەی بە هۆش خۆیان دێنەوە." وتیشی "سەرەڕای قسە و باسەکانی ئێران، ئەوان ئازارێکی زۆر دەچێژن و ئەم ئازارە بەردەوام دەبێت لەسەریان."

لە هەمان کاتدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هیوای ئەوەی دەربڕی حکومەتی ئێران ئامادە بێت بۆ ڕێککەوتن و وتی پێدەچێت بەم زووانە ئەوە ڕووبدات، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان بەدڵنیاییەوە لە ئێستادا ئامادە نین بۆ ڕێککەوتن، لانی کەم ڕێککەوتنێک کە جێگای ڕەزامەندی ئەمەریکا بێت.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترامپ سەبارەت بە پارەی ئێران بۆ کوژرانی سەربازە ئەمەریکاییەکان و هێرشکردنە سەر کەشتیەکان لە تەنگەی هورمز، ڕوبیۆ وتی سیاسەتی ترامپ وایە کە بەرامبەر بە دەرزیەک، سووژنێک دەچەقێنێت و لەبەرامبەر چاودا، سەر لێدەدات و بۆیە ئێران باجێکی قورس دەدات.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها هیوای ئەوەی دەربڕی هێرشی حوسییەکانی یەمەن بوەستێن و وتی "هیوادارم هێرشەکانیان کەم ببێتەوە، ئێران فریوی داون."

مارکۆ ڕوبیۆ ئەم قسانەی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی کۆمەڵەی نەتەوەکانی ئاسیای باشووری ڕۆژھەڵات لە مانیلای پایتەختی فلیپین کرد. بە گوێرەی هەواڵەکان شەڕی ئەمەریکا و ئێران بەشێکی زۆری تەوەری دیدار و کۆبوونەوەکان بووە و چاوەڕوان دەکرێ ئەندامانی ئاسێئان لە کۆتایی کۆبوونەوەی یەک هەفتەیی خۆیاندا لە بەیاننامەیەکدا جەخت لەسەر ئازادی هاتوچووی کەشتیوانی لە گەرووەکانی نێودەوڵەتیدا بکەنەوە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG