سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە بەشداری دەکات لە مەراسیمی گێڕانەوەی شکۆمەندانە بۆ چوار سەربازی ئەمەریکا کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە هێرشەکانی ئێران لە ئوردن و هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەست دا.
دۆناڵد ترامپ بەرەبەیانی چوارشەممە واشنتنی پایتەخی بەجێ هێشت و بەرەو بنکەی ئاسمانیی ئەندرووز لە ویلایەتی ماریلاند بەڕێ کەوت. لەوێ بە فڕۆکەی ئەیەر فۆرس وەن بۆ شاری دۆڤەر لە ویلایەتی دێلەوەر بەڕێ کەوت.
لە کاتی ڕۆیشتنی بۆ مەراسیمەکە، سەرۆکی ئەمەریکا لێدوانی بۆ ڕۆژنامەوانان دا و گوتی، ''ئێمە لێرەین بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاڵەوانەکانمان. ئەوان پاڵەوانی مەزن بوون و بە دەنگی بەرز گوتیان کە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. لە داهاتووشدا ئێران قەت نابێت ئەو دەرفەتەی پێ بدرێت. ئێمە وا ئێستا دەچین بۆ ڕێزلێنان لە گیانی ئەو پاڵەوانانە و بۆ من وەکوو سەرۆک مەرگی ئەوان ناخۆشترین و قورسترین شتە کە بیبینم.''
سەرۆک ترامپ هەڕەشەی لە دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کرد لەبەرامبەر کوشتنی ئەو سەربازانەی ئەمەریکا و گوتی، "باجێکی قورس دەدەن."
هەروەها ترامپ لەسەر ڕای هاووڵاتییانی ئەمەریکا بۆ جەنگ لە دژی ئێران ئاماژەی بە دوایین ڕاپرسییەکان کرد و گوتی ''ئەمەریکاییەکان دژی ئەم جەنگە نین. ڕاپرسییەکی نوێ بڵاو کراوەتەوە و دەرکەوتووە کە هاووڵاتییانی ئەمەریکا دژی گرانبوونی نرخی بەنزینن، بەڵام دژی جەنگەکە نین. هیچ کەسێک نایەوێت کە ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.''
شایەنی باسە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چوار سەربازی ئەمەریکا بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کوژران. یەکێک لە کوژراوەکان لە هەولێر بوو، وە سێ قوربانییەکەی دیکە لە ئوردن بوون.
پێشتر وەزارەتی جەنگ ناسنامەی دووان لە سەربازەکانی لە ئوردن و سەربازەکەی هەولێری ئاشکرا کردبوو. بەڵام ناسنامەی یەکێک لە کوژراوەکانی ئوردن ئەمڕۆ بڵاو کرایەوە.
وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند سەربازی چوارەم کە لە ئوردن گیانی لەدەست داوە ناوی ئانجڵ ڕامێرساد بوو، تەمەنی 28 ساڵ بووە و پلەی سەرپەلی هەبووە.
بڕیارە تەرمی سەربازەکان ئەمڕۆ بگاتە بنکەی ئاسمانیی دۆڤەر لە ویلایەتی دێلەوەر. هەردوو سەرۆکی ئەمەریکا و پیت هێگسێت وەزیری جەنگ لەگەڵ چەندین بەرپرسی دیکە لە ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە قوربانییەکان ئامادە دەبن.