Accessibility links

ڕۆبیۆ: گرووپە ئیسلامییە چەپڕەوەکان ڕقیان لە ئازادییە و دەیانەوێت ئەو ئازادییەی بەدەستهاتووە لە ناوببەن

دەیان وڵات لە سەرانسەری جیهان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری سیاسی.

کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەستیپێکرد.

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە بەرپرسانی زیاتر لە 65 وڵات لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدار دەبن؛ لە وەزیرانی دەرەوە بگرە هەتا دەگاتە وەزیرانی ناوخۆ و بەرپرسانی ئاسایشی و جێبەجێکار.

بە گوتەی بەرپرسەکە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر پەرەپێدانی هەماهەنگییەکان، هاوبەشکردنی زانیارییەکان و بەهێزکردنی میکانیزمە نێودەوڵەتییەکانی جێبەجێکردنی یاسا دەکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە وتارەکەیدا گوتی"

ئەرکی حکومەتەکان پاراستنی خەڵک و وڵاتەکانی خۆیانە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە کە سوپا، پۆلیس و هێزە ئاسایشییەکان دامەزراون.

ڕۆبیۆ ئاماژەی بەوەشکرد کە کەمپینی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ڕۆژئاوا، بۆ چەندین ساڵ، تیشکی خستبووە سەر گرووپە ئیسلامییە جیهادییەکان.

مارکۆ ڕوبیۆ گوتیشی" ئەم کەمپینەش کاریگەری خۆی هەبووە و لە ئەنجامدا هێرشە تیرۆریستییەکانی پەیوەند بە گرووپە ئیسلامییە جیهادییەکان لە ڕۆژئاوا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بوونەتەوە."

بەڵام ڕۆبیۆ ئاماژەی بە کەموکوڕی کامپینەکە کرد، کە بایەخێکی زۆری بە تیرۆری چەپڕەو و توندڕەو نەداوە، زۆر کەس تیشکیان خستبووە سەر کارەکانی گرووپە توندڕەوە ڕاستڕەوەکان، بەڵام کارەکانی گرووپە چەپەکانیان بە "ئایدیاڵیزم" (ئامانجخوازی) ناو دەبرد.

هەروەها ئاماژەی بە کارەکانی ئەم گرووپانە لە ئەمەریکا و ئەوروپا کرد و گوتی ئەم گرووپانە ڕقیان لە ئازادییە و دەیانەوێت ئەو ئازادییەی بەدەستهاتووە لە ناوببەن.

ئاماژەی بە هەماهەنگی نێوان گرووپە چەپڕەوە توندڕەوەکان کرد و گوتی ئەم گرووپانە لە وڵاتە جیاوازەکانەوە هاوکاری یەکتر دەکەن و هەڕەشەکەیان سنوورەکان تێپەڕدەکەن، هەر بۆیەش کەمپینی بەرەنگاربوونەوەیان دەبێت نێودەوڵەتی بێت.

هەروەها ئاماژەی بە پەیوەندییە توندوتۆڵەکانی نێوان گرووپە چەپە توندڕەوەکان و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی کرد و گوتی پێدەچێت لە چەند وڵاتێکی جیاوازەوە پیلانگێڕی بۆ بە ئامانجگرتنی وڵاتێکی دیکە دابڕێژن

ئەو گوتی لە گرنگترین هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری سیاسی چەپی توندڕەو، هاوبەشکردنی زانیارییەکان و دەستنیشانکردنی ستراتیژییەکی ڕوونە.

گوتیشی جیهانی شارستانیەت، دەبێت لە بەرامبەر ئەم تاریکییەدا بەرگری لە خۆی بکات.

دوای مارکۆ ڕوبیۆ، سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکاش قسەی کرد و وتارەکەی بەوە دەستپێکرد کە لە مانگی دووی 2024دا خۆی بووەتە ئامانجی هەوڵێکی تیرۆرکردن لەلایەن چەپڕەوێکی توندڕەوەوە.

گوتی تیرۆری سیاسی کە ڕەگەکەی لە چەپی توندڕەودایە، دەبێت جێگەی نیگەرانی هەموو وڵاتان بێت.

ڕایشیگەیاند یەکێک لە کاریگەرترین هەنگاوەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ڕەوتانە، بڕینی شاخوێنبەری داراییانە. لەم پێناوەشدا ئاماژەی بەو ڕێکارانە کرد کە بەرامبەر بە گرووپە چەپە توندڕەوەکان گیراونەتەبەر.

وەزیری خەزێنە گوتی، وەزارەتەکەی، هاوشێوەی گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە، تەواوی دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ پەکخستنی سیستمی دارایی گرووپە تیرۆریستی و توندڕەوە چەپڕەوەکان؛ بەڵام ئەمەش لەسەر بنەمای چالاکییەکانیان دەبێت نەک تەنها بەهۆی بیروباوەڕیانەوە.

هەروەها ئاماژەی بە بەرەی هاوبەشی نێوان مارکسیزم و ئیسلامگەرایی توندڕەو کرد و گوتی ڕەنگە ئەم بەرەیە تێڕوانینێکی هاوبەشیان نەبێت، بەڵام لە دوژمنایەتیکردنی کۆمەڵگە ئازادەکاندا هاوڕان.

بڕیارە ئەم کۆبوونەوەیە سێ بەش لەخۆبگرێت:

بەشی یەکەم لەسەر ئاسۆی هەڕەشەی تیرۆری چەپی توندڕەوە.

بەشی دووەم لەسەر باشترین ڕێکارەکان دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری چەپی توندڕەو، لەوانەش ئاڵوگۆڕی زانیاری و هاوکارییە پراکتیکییەکان.

وە بەشی سێیەمیش لەسەر بەرنامە و هەنگاوەکان دەبێت بۆ ڕێگریکردن لە ڕاکێشانی خەڵک بۆ ناو گرووپە توندڕەوەکان یان ڕاگرتنی چالاکییەکانیان.

This item is part of
XS
SM
MD
LG