وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزای نوێ بەسەر چەند کەس و قەوارە و کەشتییەکانی پەیوەست بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەسەپێنێت.
بەگوێرەی بەیاننامەیەک کە لە ماڵپەڕی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە 14ی مانگی حەوت بڵاوکراوەتەوە، ئەمەریکا سزای نوێی بەسەر زیاتر لە 50 کەس و کەشتی و کۆمپانیای پەیوەست بە تۆڕی محەمەد حسێن شەمخانی کوڕی عەلی شەمخانی سەپاندووە.
جگە لەوەش 24 کۆمپانیای کەشتیوانی، بەڕێوەبردنی دەریایی و ڕاوێژکاری دارایی کە دیسانەوە پەیوەندییان بە محەمەد حسێن شەمخانی و لایەنەکانی دیکەی پەیوەند بە ئێرانەوە هەبووە، خراونەتە لیستی سزاکانەوە.
حسێن شەمخانی کوڕی عەلی شەمخانی سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران و ڕاوێژکاری ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامییە.
نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە هەموو ئەو سەروەت و سامان و سوودانەی لە سەروەت و سامانی ئەو کەس و لایەنە سزادراوانە وەرگیراون، ڕێگرییان لێدەکرێت و هەر مامەڵەیەک لەگەڵیاندا بە توندی قەدەغەیە.
نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی وەزارەتی خەزێنە، گەمارۆکانی وەک بەشێک لە هەوڵە بەردەوامەکانی ئەو وەزارەتە ناو بردووە بۆ زیادکردنی گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران دوای هێرشە ناسەقامگیرییەکانی کۆماری ئیسلامی لە تەنگەی هورمز و ئاماژەی بەوەش کردووە کە تۆڕی شەمخانی هێزێکی سەرەکییە لە پشت هەناردەکردنی نەوتی ئێران هەروەها چووەتە ناو بازرگانی جیهانیی کۆنتێنەر و کەشتیوانی بارهەڵگرەوە.
هەروەها سکات بسنێت وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا لە ئێکس نووسیویەتی "ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی فێڵەوە ڕزگاری بووە و تۆڕی شەمخانی یەکێکە لە لایەنەکانی کە سود و پارەی بۆ دەستەبەر دەکات." وتیشی "وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا خەریکی داخستنی ئەو ژێرخانە داراییانەیە کە ڕێگە بە ڕژێم دەدات بەردەوام بێت لە هەڕەشەکانی بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا و کەشتیوانی جیهانی."