تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ تورکیا و نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا و عێراق، ڕۆژی یەکشەممە لە پەیامێکدا بە بۆنەی کۆچی دوایی سیناتۆر لینزی گراهام هاوخەمی و نیگەرانی خۆی دەربڕی.
تۆم باراک، لینزی گراهامی سیناتۆری کۆمارییەکانی بە "سیاسەتمەدارێکی بەهێز و بوێر" و داکۆکیکارێکی ماندوونەناس لە ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا و هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان وەسف کرد.
باراک ئاماژەی بەوەشکرد " لە دڵەوە دڵتەنگ بووە" بە بیستنی هەواڵی کۆچی دوایی گراهام و باسی لە ژیانی گراهام کرد، هەر لە سەرەتای ژیانییەوە لە کارۆلینای باشوورەوە تا ئەو کاتەی بوو بە یەکێک لە کاریگەرترین سیناتۆرەکان لە ئەمەریکا.
باراک ستایشی خزمەتکردنی دەیان ساڵەی گراهامی کرد لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا.
تۆم باراک لە پەیامەکەیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی"وەک سیناتۆرێکی ماوە درێژ، لینزی پاڵەوانێکی ماندوو نەناس بوو لە بەرگری نیشتمانی و سەرکردەیەک بوو لە لیژنەکانی دادوەری و بودجەی ئەنجومەنی سیناتدا، و داکۆکیکارێکی ماندوو نەناس بوو بۆ هاوپەیمانییە بەهێزەکانی ئەمەریکا و هاوبەشە ئاسایشییەکان لە سەرانسەری جیهاندا."
باراک ئاماژەی بەوەشکرد، هەفتەی ڕابردوو لە لوتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە گراهامی بینیوە، کە سیناتۆر گراهام بەشداری کۆبوونەوە و خوانەکانی ئێوارەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بیانی و ئەندامانی کابینەی حکومەت و سیناتۆرەکان و ئەندامانی کۆنگرێسدا کردووە.
باراک پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی خێزان و ستاف و خەڵکی کارۆلینای باشوور کرد و وتی کارەکانی سیناتۆرەکە وەک میراتیک بە بەردەوامی دەمێننەوە.