Accessibility links

سیناتۆر لینزی گراهام کۆچی دوایی کرد

سیناتۆر لینزی گراهام کە یەکێک بوو لە سیناتۆرە هەرە ناسراوەکانی کۆمارییەکان و دۆستی گەلی کورد، لە تەمەنی 71 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ئۆفیسی سیناتۆر گراهام بەرەبەیانی یەکشەممە بە کاتی واشنتنی پایتەخت ڕایگەیاند ،" شەوی شەممە ڕێکەوتی 11 ی مانگی حەوت، ئەندامی ئەنجومەنی سینات لینزی گراهام لە ئاکامی نەخۆشییەکی لەناکاو و کورت خایەن کۆچی دوایی کرد. خانەوادەی سیناتۆر گراهام سوپاس هەموو ئەوانە دەکەن کە نوێژ و نزای بۆ دەکەن، داوا دەکەن ڕێز لە تایبەتمەندییەکانی بگرن لەم ماوە سەختەدا."

سەرۆک ترامپ لە پێگەکەی لەسەر تروث سۆشیال لەم بارەیەوە نووسی،"سیناتۆر لینزی گراهام، کە یەکێک بوو لە کەسایەتی و سیناتۆرە مەزنەکانی کە ناسیومن کۆچی دوایی کرد! هەمیشە بە ڕژدی کاری دەکرد، و کەسێکی نیشتمانپەروەری ڕاستەقینەی ئەمەریکا بوو. کۆچی لینزی لەدەستدانێکی گەورەیە! دواتر وردەکارییەکان و مەراسیمی بە خاکسپاردنەکەی ڕادەگەیەنرێت. ئای کە هەواڵێکی غەمگینە!

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامی سەرەخۆشی بۆ کۆچی سیناتۆر لینزی لە پێگەکەی لەسەر ئێکس بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، "زۆر غەمگینم بە کۆچی دوایی سیناتۆر لینزی گراهام، دۆستی ئازیزی گەلی کوردستان. داکۆکی و پشتیوانییە نەگۆڕەکەی لە کوردستان هەمیشە جێی ڕێز و پێزانینمان دەبێت. سەرەخۆشی لە خانەوادەکەی هاوڕێی و هاوکارانی دەکەم."

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەویش سەرەخۆشی خۆی ڕاگەیاند و نووسیویەتی،"بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی سیناتۆر لینزی گراهامم پێگەیشت. سەرەخۆشی لە خانەوادەکەی و دۆستانی و ڕێبەرایەتی ئەنجومەنی سینات و ئەندامانی ئەنجومەنی سینات دەکەم. گەلی کوردستان هەمیشە دۆستایەتی و پاڵپشتی بەردەوامی گراهام لە یاد ناکەن."

سیناتۆر لینزی گراهان، 9 ی مانگی حەوتی 1995 لە شارۆچکەی سێنتراڵ لە ویلایەتی ساوث کارۆلاینا لەدایکبووە، لە تەمەنی گەنجییەوە دایک و باوکی بە نەخۆشی لەدەستدا و کاتێک تەمەنی 22 ساڵ بووە بەرپرس بووە لە پەروەردەکردنی خوشکە تاقانەکەی و لەگەڵ ئەوەشدا توانی خوێندنی زانکۆ تەواو بکات و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە دەروونناسی لە زانکۆی ساوث کارۆلاینا بەدەستبهێنێت. دواتر لە ساڵی 1981 لە هەمان زانکۆ بڕوانامەی دکتۆرای لە یاسا بەدەستهێنا.

پاشان پەیوەندی بە لەشکرەوە کرد و لە بواری یاسایی لەوێ خزمەتی کرد.

زوو تێکەڵ بە جیهانی سیاسی بووە و لە ساڵی 1992 بۆ یەکەم جار هەڵبژێردرا بۆ ئەندامێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتی ساوث کارۆلاینا. ساڵی 1994 خۆی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی کۆنگرێسی ئەمەریکا کاندیدکرد و هەڵبژێردرا. لە مانگی یەکی 1995 لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا دەستبەکاردەکات و بۆ چوار خول هەتا ساڵی 2002 هەڵدەبژێردرێتەوە. ساڵی 2002 لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی سینات سەرکەوتوو دەبێت و لە مانگی یەکی 2003 دەبێتە ئەندامی ئەو ئەنجومەنە.

سیناتۆر لینزی گراهام کە بۆ ماوەی 31 ساڵ لە کۆنگرێسی ئەمەریکا خزمەتی کرد و شارەزای بواری بەرگری و سیاسەتی دەرەوە بوو، زۆر دۆستی کورد بوو و لە سەردەمی ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حسێن دیکتاتۆری عێراق ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ کورد نەک تەنیا لە عێراق بەڵکو لە سوریاش.

This item is part of
XS
SM
MD
LG