Accessibility links

ترامپ ڕایگەیاند سوریا لە لیستی تیرۆری ئەمەریکا لادەبات

سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند سوریا "بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر" سەقامگیر بووە و لە لیستی پشتیوانانی تیرۆر دەری دەهێنێت.

سەرۆکی ئەمەریکا ئەمڕۆ لە پەراوێزی دیداری لوتکەیی ناتۆ لە ئەنقەرە لەگەڵ سەرۆکی سوریا ئەحمەد شەرع کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا.

ڕۆژنامەنووسێک پرسیاری لە سەرۆک ترامپ کرد، ئایا ئامادەیە سوریا لە لیستی پشتیوانانی تیرۆر دەربهێنێت؟ ترامپ لە وەڵامدا وتی، "پێموایە ئەمە دەکەم. بۆچی نەیکەم؟ ئەو [ئەحمەد شەرع] کارێکی نایابی کردووە...بەڵێ ئەمە دەکەم."

سەرۆکی ئەمەریکا ستایشی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرکردایەتی ئێستای سوریا کرد و ئاماژەی دا بەوەی سەرۆکی سوریا ئەحمەد شەرع "کارێکی زۆر باشی کردووە لە یەکخستنەوەی وڵاتەکەی."

سەرۆک ترامپ ئاماژەی دا بە مێژووی سوریا و پێشکەوتوویی کۆمەڵگاکەی بەر لە شەڕی ناوخۆ. گوتی وڵاتەکە خاوەن لێهاتووی زۆری مرۆیی بووە، لە ڕووی ژمارەی پزیشک و ئەندازیار و پیشەکانی تر لە ئاستی جیهاندا پلەیەکی بەرزی هەبووە، بەڵام بەهۆی شەڕەوە بارودۆخی تێکچووە. هەروەها ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی ڕاگوزەری سوریای کرد بەوەی توانیویەتی لە ماوەی نزیکی ساڵ و نیوێکدا سەقامگیری و یەکگرتوویی بۆ وڵاتەکە بگەڕێنێتەوە.

سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردەوە لەوەی لابردنی سزاکانی ئەمەریکا لەسەر سوریا هاوکاری زۆری وڵاتەکەی کردووە بۆ ئەوەی لە ڕووی ئابوورییەوە ببوژێتەوە.

هەروەها دووپاتی کردەوە کە سوریا لە پرسی حزبوڵای لوبنان دەتوانێت هاوکار بێت، بەڵام هیچ ڕوونکردنەوەیەکی زیاتری نەدا.

کۆبوونەوەی لوتکەیی ناتۆ ڕۆژانی 7 و 8ـی ئەم مانگە لە ئەنقەرە بەڕێوە دەچێت. جگە لە بەشداری سەرۆکی ئەمەریکا و بەرپرسانی باڵای ئیدارەکەی، هەروەها شاندێکی کۆنگرێسی ئەمەریکاش لەوێ ئامادەیە.

شاندەکەی کۆنگرێس ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا، تۆم باراک، لەگەڵ ئەحمەد شەرع و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا، لە ئەنقەرە کۆبووەوە.

تۆم باراک لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا کۆبوونەوەکەی "بەوپەڕی گرنگ" بۆ سوریا ناوبرد و وتی "نیشانەی لاپەڕەیەکی نوێی پەیوەندی بەهێزە لە نێوان ئەمەریکا و سوریا."

باراک گوتیشی، "ئەم ساتەوەختە قورسایی مێژوویی هەڵدەگرێت، تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی سەرەکی سوریا لە داڕشتنی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."

This item is part of
XS
SM
MD
LG