Accessibility links

ترامپ: دەتوانین لە پرسەی خامنەیی هەموو بەرپرسانی ئێرانی بکوژین بەڵام نایکەین

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی شەممە لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی ئەکسیۆس ڕایگەیاند ئەمەریکا دەتوانێت هەموو ئەو بەرپرسانەی کۆماری ئیسلامی کە بەشداری پرسەی عەلی خامنەیی بوون لەناو ببات، بەڵام ئەو کارە ناکات.

سەرۆک ترامپ لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفۆنیدا وتی "هەموویان لەوێن. بە یەک تەقە دەتوانین هەموویان لەناوببەین، بەڵام ئەوە ناکەین، چونکە ئەوکات کەسمان نابێت قسەی لەگەڵ بکەین."

ترامپ بە ئاماژەدان بەوەی کە بەرپرسانی ئێران دەپاڕێنەوە بۆ ڕێککەوتن، ڕایگەیاند هەردوولا بڕیاریان داوە دانوستانەکان بۆ ماوەی هەفتەیەک ڕابگرن تا ئەو کاتەی ڕێوڕەسم و ڕووداوەکانی پەیوەست بە پرسەی ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی کۆتایی دێت.

ئاماژەی بەوەشکرد لەم ماوەیەدا هیچ کام لە لایەنەکان تەقە لە لایەنەکەی دیکە ناکەن.

ترامپ لە وتارەکەیدا لە یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمەریکا کە ئێوارەی ڕۆژی هەینی بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند هەفتەیەکی بە بەرپرسانی تاران داوە بۆ ئامادەکاری بۆ پرسەی ڕێبەری کوژراوی کۆماری ئیسلامی.

ئەکسیۆس لە زاری سەرۆکی ئەمەریکاوە ڕایگەیاندووە سەری سوڕماوە کە بینوێتی هەندێک ئێرانی لە پرسەکەدا فرمێسکیان ڕشتووە، چونکە پێی وابوو گەلی ئێران ڕقیان لە خامنەیی بووە.

سەرۆک ترامپ هەروەها ڕایگەریاندەووە ڕەنگە فرمێسکەکانی ئەو کەسانە بۆ خامنەیی درۆیەنە و ساختە بن.

This item is part of
XS
SM
MD
LG