سوپای ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە زۆربەی هێزەکانی لە شەڕی دژ بە داعش لە نەیجیریا کێشاندووەتەوە, بەڵام ئێستا لە ڕێگەی پاڵپشتی هەواڵگری بۆ ئەو وڵاتەوە بەردەوامە لە هەوڵەکان بۆ لاوازکردنی داعش.
جەنەراڵ دۆگ ئەندەرسن، فەرماندەی فەرماندەیی ئەفریقای ئەمریکا (AFRICOM)، ڕۆژی پێنجشەممە لە ئەنگۆلا دوای کۆنفڕانسێکی بەرپرسانی بەرگری وڵاتانی ئەفریقا، پشتگیری بەردەوامی بۆ شەڕی دژ بە داعش ڕاگەیاند.
وتیشی، "زۆربەی هێزەکانمان، کە تەنها بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە لەوێ بوون، کێشاونەتەوە. بەڵام، هێشتا بەردەوامین لە هاوکاریکردن لەگەڵ نەیجیریا بە هاوبەشکردنی زانیاری هەواڵگری."
لە مانگی پێنجدا، هێزەکانی ئەمەریکا و نەیجیریا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان لە دژی داعش لە باکور و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە ئەنجامدا و بەهۆیەوە ئەبو بیلال ئەلمینوقی، دووەم فەرماندەی داعش لەسەر ئاستی جیهان، کوژرا. ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر فەرمانی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا بوو.
ترامپ ئەوکات ڕایگەیاند چەکدارانی داعش لەو وڵاتە ئەفریقییە مەسیحییەکان دەکەنە ئامانج.
ژەنەڕاڵ ئەندەرسن لە وتارەکەیدا کە ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆنفرانسێکدا کە لە ئەنگۆلا بەڕێوەچوو، ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئەمەریکا و نەیجیریای لە مانگی پێنجدا بە مۆدێلێک بۆ هاوکارییە ئەمنییەکانی داهاتوو لە ئەفریقا وەسف کرد.
ئەندەرسن ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکاریکردن لەگەڵ نەیجیریا کاریگەری بەرچاوی هەبووە لە لاوازبوونی سەرکردایەتی داعش تۆڕی نێودەوڵەتی ئەو گروپە چەکدارە.
هەروەها وتی کە ئۆپەراسیۆنەکە نەک تەنها فەرماندە ناوخۆییەکانی لەناوبردووە، بەڵکو تۆڕە پەیوەندییە بەرفراوانەکانی پەیوەندی و سەرچاوەکانی داعشیشی لەناوبردووە.
ئەندەرسن وتی ئۆپەراسیۆنەکە بووەتە هۆی زیادبوونی وازهێنان و خۆبەدەستەوەدانی چەکدارانی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی نەیجیریا.
کۆنفرانسەکە بۆ سێ ڕۆژ و بە بەشداریی سەرکردە سەربازییەکانی 35 وڵاتی ئەفریقا لەگەڵ نوێنەرانی ئەمەریکا و بەرازیل لە لواندای پایتەختی ئەنگۆلا بەڕێوەچوو.