Accessibility links

پاش کۆتایی هاتنی ئۆپراسیۆنی دژە داعش، هێزەکانی ئەمەریکا لە نەیجیریا دەکشێنەوە

سەرۆکی فەرماندەیی ئەفریقای سوپای ئەمەریکا (ئەفریکۆم) دەڵێت ئەمەریکا بەشێکی زۆری ئەو سەربازانەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) لە نەیجیریا ناردبووی، کشاندووەتەوە.

ژەنەڕاڵ دۆگ ئەندەرسۆن وتی سوپای ئەمەریکا ئێستا لەسەر داوای نەیجیریاتەنیا پشتگیری هەواڵگری پێشکەش دەکات.

هێزەکانی ئەمەریکا و نەیجیریا لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە لە مانگی پێنجدا ئەبو بیلال ئەلمینوقی دووهەمین پلە باڵای داعشیان کوشت.

ئەم ئۆپەراسیۆنەی ئەمەریکا لە ڕۆژی کریسمسدا دژی ئەو گرووپە ئەنجامدرا و هێرشەکە بە فەرمانی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ئەنجامدرا کە ڕایگەیاندبوو ئەو چەکدارانە مەسیحییەکانی ئەو وڵاتە ئەفریقاییەیان کردووەتە ئامانج.

ژەنەڕاڵ ئەندەرسۆن لە کۆنفرانسێکدا لەگەڵ فەرماندە سەربازییەکانی 35 وڵاتی ئەفریقا لە ئەنگۆلا، ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئەمەریکا و نەیجیریای دژ بە داعشی بە مۆدێلێک بۆ هاوکارییە ئەمنییەکانی داهاتوو لە ئەفریقا ناو برد.

وتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەی دژی داعش کە لە دەریاچەی چاد ئەنجامدرا، نموونەی ڕێبازی واشنتنە؛ "رێبازێک کە لەسەر بنەمای دابینکردنی توانا تایبەتمەندەکانی ئەمەریکایە لەکاتێکدا سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان بۆ هاوبەشە ئەفریقییەکان جێدەهێڵێت."

ژەنەڕاڵ ئەندەرسۆن لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە هاوکاری لەگەڵ نەیجیریا یارمەتیدەر بووە بۆ لاوازکردنی سەرکردایەتی داعش بە شێوەیەکی بەرچاو،وتیشی کاریگەرییەکانیشی لە دەرەوەی ڕۆژئاوای ئەفریقا بڵاوبووەتەوە.

ئەو بەرپرسە سەربازییە باڵایەی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاندووە فشارە سەربازییەکانی سوپای نەیجیریا لەگەڵ زانیارییەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکە، بووەتە هۆی ئەوەی چەکدارانی داعشی زیاتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە لە گرووپە ببڕن یان خۆیان ڕادەست بکەن.

This item is part of
XS
SM
MD
LG