دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە لە فڕۆکەخانەی ئەندرووسەوە بەرەو شاری مەدۆرا لە ویلایەتی داکۆتای باکوور ڕۆیشت، بە بۆنەی یادی 250 ساڵەی سەربەخۆبوونی ئەمەریکا.
قۆناغی یەکەمی گەشتەکەی سەرۆک ترامپ بۆ داکۆتای باکوور بریتی بوو لە سەردانی کتێبخانەی نوێی سەرۆکایەتی سیۆدۆر ڕۆزڤێڵت، کە بەشێکە لە پارکی نیشتیمانیی سیۆدۆر ڕۆزڤێڵت لە شاری مەدۆرا.
وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا دەگ بێرگەم لە مەراسیمی کردنەوەی کتێبخانەکەدا بەشدار بوو.
سیۆدۆر ڕۆزڤێڵت 26ـەمین سەرۆکی ئەمەریکا بوو کە ساڵی 1919 لە تەمەنی 60 ساڵیدا گیانی لەدەست دا.
سەرۆک ترامپ لە سەردانەکەیدا بۆ کتێبخانەی نیشتمانیی ڕۆزڤێڵت لە داکۆتای باکوور بە بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد گفتوگۆیەکی لەگەڵ ڕۆزڤێڵت ئەنجام دا. تێیدا ڕۆزڤێلت ئامۆژگارییە بەناوبانگەکەی خوێندەوە کە دەڵێت "تووڕەیی خۆت کۆنتڕۆڵ بکە و لەبیرت بێت وڵات لە پێش هەموو شتێکەوەیە."
ترامپ لە وەڵامی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکادا وتی "ئەو وتانە بەرز دەنرخێنم... تەنها دەمەوێت بڵێم کە شەرەفێکە ئەمڕۆ لەگەڵت بم."
کتێبخانەکە لە 4ی حەوت لە ساڵیادی سەربەخۆیی ئەمەریکا بە فەرمی دەکرێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت ئەم کتێبخانەیە، کە بۆ ڕێزلێنان لە یادی سەرۆکی کۆچکردوو تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت دروستکراوە، ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیارانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ ئەو ناوچە دوورەدەستەی داکۆتای باکور ڕابکێشێت.