وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە کۆمپانیای نەوتی بەسڕە ڕێککەوتنێکی وزەی لەگەڵ کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریکایی واژۆ کرد.
ئامانجی ڕێککەوتنەکە ئاسانکارییە بۆ دانوستانەکان سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی کێڵگە نەوتییەکانی قورنەی ڕۆژئاوا-2 و ڕێگە خۆشکردنە بۆ دانوستانەکانی هاوکاریی وزەیی لە داهاتوودا.
باسم محەمەد خوزەیر عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "کێڵگەی قورنەی رۆژئاوا-2 یەکێکە لە کێڵگە گەورەکان و وەزارەت هەلێکی فراوان دەداتە کۆمپانیا جیهانییەکان بۆ وەبەرهێنان تێیدا، یەکێک لەو کۆمپانیایانەش بریتییە لە شیڤرۆنی ئەمەریکایی."
وەزیری نەوتی عێراق هەروەها جەختی کردەوە لە هەبوونی کەشێکی پارێزراو و ئاسایش بۆ وەبەرهێنان لە عێراقدا هەیە. ڕایگەیاند، "هەموو ئاستەنگەکان لادەبرێن."
دوێنێش پارێزگای بەسرە ڕێککەوتنێکی وەبەرهێنانی ڕاگەیاند لەگەڵ کۆمپانیای کەی بی ئاڕی ئەمەریکایی بۆ بواری وزە و زانست و ئەندازیاری.