Accessibility links

قەتەر: هیچ کۆبوونەوەیەکی ئاست بەرزی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە دەوحە پلانی بۆ دانەنراوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند سەرەڕای سەردانەکەی ستیڤ ویتکۆف و جەرێد کوشنەر بۆ دەوحە، بەڵام هیچ کۆبوونەوەیەکی ئاست بەرزی نێوان بەرپرسانی ئەمەریکا و ئێرانی پلانی بۆ دانەنراوە.

ئەو بەرپرسە قەتەرییە ڕۆژی سێشەممە 30ی مانگی شەش ڕایگەیاند ویتکۆف و کوشنەر بۆ دیدار لەگەڵ نێوەندگرانی قەتەر و تاوتوێی پێشکەوتنی دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا، گەشت بۆ دەوحە دەکەن، بەڵام لەم سەفەرەدا هیچ دیدارێکی ڕاستەوخۆی نێوان بەرپرسانی باڵای ئێران و ئەمەریکا نابێت.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە پێشتر کۆشکی سپی سەردانی ئەو دوو بەرپرسە ئەمەریکاییەی بۆ قەتەر ڕاگەیاندبوو بۆ دیدارە باڵاکان و قسە و باسەکان سەبارەت بە ئەگەری درێژەدان بە دانوستانە ڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتن.

ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها پێشتر ڕایگەیاندبوو شاندی تەکنیکی ئێران بۆ قەتەر هیچ پەیوەندییەکی بە سەردانەکەی بەرپرسانی ئەمەریکاوە نییە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هیچ دانوستانێک لە هیچ ئاستێکدا لە نێوان هەردوو وڵاتدا پلانی بۆ دانەنراوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر هەروەها ڕایگەیاندووە کە 6 ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی بەستووی ئێران هێشتا نەگوازراوەتەوە بۆ ئەو وڵاتە. بە وتەی ناوبراو، ئەم سەرچاوانەی ئێستاش تەنیا بۆ کڕینی کەلوپەلی مرۆیی تەرخانکراوە.

بەقایی ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاندبوو "تیمێکی پسپۆڕ"ی ئێرانی دەچێتە قەتەر بۆ بەدواداچوون بۆ ئازادکردنی سەروەت و سامانی بەستووی ئێران بە پشتبەستن بە مادەی 11ی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کە لە نێوان ئێران و ئەمەریکا واژۆ کراوە. هەروەها مەسعوود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاندبوو 6 ملیار دۆلار لە کۆی 12 ملیار دۆلاری سامانی ئێران لە قەتەر ئازاد دەکرێت و دەگەڕێتەوە بۆ وڵات.

This item is part of
XS
SM
MD
LG