سکرتێری گشتی ناتۆ لە لێدوانێکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاماژەی بە پێشوەچوونی "ئەرێنی" دا لە زیادکردنی خەرجی بەرگری وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە ئەوروپا.
ناوەندی ئەتلانتیک کاونسڵ لە واشنتن ڕۆژی پێنجشەممە دیدارێکی بۆ سکرتێری گشتی ناتۆ، مارک ڕوتە، ساز کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داهاتووی هاوپەیمانێتییەکە و ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەکانی مانگی داهاتووی لوتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە.
سکرتێری گشتی لە دیدارەکەدا باسی لە "قۆناغێکی نوێی ناتۆی" کرد کە تێیدا ئەوروپا بەرپرسیاری زیاتر هەڵدەگرێت لە پاراستنی خۆی، لە کاتێکدا ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە ڕۆڵی سەرکردایەتی. هەروەها وتی کە وڵاتانی ئەندامی ناتۆ ئێستا لە هەر کاتێکی تر زیاتر بودجە لە بەهێزکردنی توانا سەربازی و بەرگرییەکان خەرج دەکەن.
بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکا لە سکرتێری گشتی ناتۆی پرسی کە ئایا چەند وڵات بە ڕاستی، نەک تەنها بە بەڵێن، زیادکردنی پابەندییەکانیان لە خەرجی بەرگری و پەرەپێدانی توانای سەربازی جێبەجێکردووە؟
لە وەڵامدا سکرتێری گشتی ناتۆ وتی، "بەگشتی لە ئەوروپا و کەنەدا کارەکان بە باشی بەڕێوە دەچن. هەڵبەتە هەمیشە جیاوازییەک هەیە لە نێوان وڵاتەکاندا بۆ گەیشتن بە خەرجکردنی لە سەدا پێنجی کۆی بەرهەمی ناوخۆ و ئەمە یەکێکە لەو بابەتانەی کە لە ئەنقەرە قسەی لەسەر دەکەین."
هەروەها وتی، " خەرجکردن بەبێ بەرنامە دانەنراوە، بەڵکو بەشێکی بنچینەیی پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانمانە. هەموو ئەندامانی ناتۆ بە شێوەیەکی باش کار دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە. بەڵام ئەگەر یەک دوو وڵات هەبن کە پێویستیان بە هاندانی زیاتر بێت ئەوا بە نهێنی و بە ڕاشکاوی قسەیان لەگەڵدا دەکەم."
بڕیارە کۆبوونەکانی ڕێبەرانی ناتۆ لە رۆژانی حەوت و هەشتی مانگی داهاتوو لە ئەنقەرە سازبکرێن.
بەگوێرەی سکرتێری گشتی ناتۆ، خەرجییە سەربازییەکانی ئەندامان ڕێکخراوەکە بە شێوەیەکی مێژوویی زیاد کراون و وڵاتانی ناتۆ ئامانجیانە تا ساڵی 2035 خەرجی سەربازییان بگەیەننە سەدا پێنجی لە کۆی بەرهەمی ناوخۆیان.
لە کۆتاییدا، سکرتێری گشتی ناتۆ هۆشیاری دا لە زیادبوونی هەڕەشەکانی روسیا و چین و ئێران و جەختی کردوە کە کۆبوونەوەی ئەنقەرە تەرکیز دەخاتە سەر بەدەستهێنانی ئەنجامی ڕاستەقینە نەک تەنها بەڵێندان.