Accessibility links

ترامپ پڕۆژەیاسای هەڵبژاردن لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران تاووتوێ دەکات

بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەندین پرۆژەیاسای گرنگ، لە ناویاندا پرۆژەیاسای 'پاراستنی ئەمەریکا،' سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مایک جۆنسن کۆ دەبێتەوە.

بە گوێرەی پلانی ڕۆژانەی کۆشکی سپی، پاشنیوەڕۆی پێنجشەممە بە کاتی واشنتن سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ئۆڤاڵ ئۆفیس کۆ دەبێتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێوڕەسمی واژۆکردنی نەخشەڕێگای دابینکردنی خانووبەرە دواخرا. سەرۆکی ئەمەریکا واژۆکردنی ئەو نەخشەڕێگایەی بەستەوە بە پەسەندکردنی پرۆژەیاسای 'پاراستنی ئەمەریکا' تایبەت بە توندکردنی ڕێکارەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن.

ترامپ پێی وایە پرۆژەیاسای 'پاراستنی ئەمەریکا' گرنگترین پرۆژەیە لە ئێستادا و دەبێت سینات بەزوویی پەسەندی بکات.

لە پرۆژەیاساکەی تایبەت بە هەڵبژاردندا دوو خاڵی بنچینەیی هەن؛ یەکەم، لەسەر دەنگدەرانی ئەمەریکا پێویست دەکات ناسنامە و بەڵگەنامەی هاووڵاتیبوون لە کاتی دەنگداندا پیشان بدەن. دووەم، هەڵوەشاندوەی دەنگدانی گشتی بە پۆست.

کۆنگرێس لەسەر گرنگیی ئەم یاسایە دابەش بووە. سەرباری ئەوەی زۆرینەی ڕەهای کۆمارییەکان، جگە لە چەند ئەندامێک، پاڵپشتیی پرۆژەیاسایەکە دەکەن، دیموکراتەکان بە توندی ڕەتی دەکەنەوە.

کۆمارییەکان پێیان وایە ئەمە بۆ پاراستنی سەلامەتیی هەڵبژاردنەکان زۆر گرنگە و ڕێگری لە ساختەکاری دەکات.

دیموکراتەکان دەڵێن ڕێژەیەکی زۆر لە ئەمەریکاییەکان ئەو بەڵگەنامانەیان نییە کە یاسایەکە داوایان دەکات و پێیان وایە ئەمە دەبێتە ڕێگری لە بەشداریکردنیان.

بەپشتبەستن بەوەی کە ئەم پرۆژەیاسایە گرێ دراوە بە چەندین پرۆژەیاسای دیکەوە، وا چاوەڕوان دەکرێت ئەمە تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا و مایک جۆنسن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG