Accessibility links

ڕاپۆرت: ئەمەریکا دەیان بزوێنەری فڕۆکە بە تورکیا دەدات

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند لە چوار سەرچاوەی ئاگادار زانیویەتی کە ئیدارەی سەرۆک دۆناڵد ترامپ پلانی هەیە دەیان بزوێنەری فڕۆکە بە تورکیا بفرۆشێت بەر لە کۆبوونەوەی لوتکەیی ناتۆ لە مانگی داهاتوودا.

بزوێنەرەکان یارمەتی سوپای تورکیا دەدەن فڕۆکەی شەڕکەری جۆری 'تای کەئان' بخاتە کار، کە پرۆژەیەکی سەرەکی تورکیایە، لە ساڵی 2016 دامەزراوە بە مەبەستی بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوردەی بەرهەمەکانی بەرگری و شەڕ.

سەرچاوەیەک بە ڕۆیتەرزی گوتووە بەهای مامەڵەکە نزیکەی 700 ملیۆن دۆلار دەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ چوارشەممە سەرۆک ترامپ ستایشی هەڵوێستی سەرۆک ئەردۆغانی کرد لە پرسی ئێران و ڕایگەیاند ئەگەری هەیە "دیارییەک" پێشکەشی تورکیا بکات کە سەرۆک ئەردۆغان "زۆری پێ خۆش دەبێت."

ترامپ ئاماژەی نەکرد ئەو "دیارییە" چی دەبێت، بەڵام دووبارە جەختی کردەوە لە پەیوەندی دۆستانەی بەهێزی لەگەڵ ئەردۆغان و بە کەسێکی "بەهێز" ناوی برد کە "هەرچییەک من داوام لێی کردووە کردوویەتی."

تورکیا چەندین ساڵە هەوڵ دەدات فرۆکەی ئێف-35ی ئەمەریکا بەدەست بهێنێت، بەڵام کۆنگرێسی ئەمەریکا ئەمەی ڕەتکردووەتەوە بەو هۆیەی تورکیا سیستەمی ئێس-400ی بەرگری ڕووسیا بەکار دەهێنێت. کۆنگرێس ڕایگەیاندووە ڕەزامەندی لەسەر فرۆشتنی ئەو فڕۆکانە پەیوەستە بەوەی تورکیا دەستبەرداری ئەو سیستەمە بەرگرییەی ڕووسیا ببێت.

فڕۆکەی ئێف-35 بە بەهێزترین فڕۆکەی شەڕکەری هەمەلایەن دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهاندا. فڕۆکەکە توانای هێرشی لەناکاو و خۆشاردنەوەی لە سیستەمی ڕادارەکان زۆر پێشکەوتووە، بۆیە بە باشترین جۆری فڕۆکە دادەنرێت بۆ هێرشی ئاسمانی و شەڕی ئەلیکترۆنی و کردەی سیخوڕی.

هەر دوێنێ چوارشەممە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، جەی دی ڤانس، ڕایگەیاند لەگەڵ وەزیری جەنگ پیت هێگسێس سەرقاڵی پێداچوونەوەن لەسەر ئەوەی چۆن حکومەتی ئەمریکا دەتوانێت فڕۆکەی ئێف-35 بە تورکیا بفرۆشێت.

شارەزایانی تورکیا دەڵێن ئەنقەرە پێشوازی دەکات لە ئەگەری فرۆشتنی بزوێنەری فرۆکەکانی جەنەرال ئیلیکتریکی ئەمەریکا بۆ چالاککردنی فڕۆکەکانی تای کەئان. بەڵام جێبەجێبوونی ئەم بڕیارە کەمترە لە خواستی تورکیا کە بریتییە لە بەدەستهێنانی فڕۆکەی ئێف-35.

This item is part of
XS
SM
MD
LG