دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئێوارەی چوارشەممە لە کۆشکی سپی پێشوازی کرد لە مارک ڕووتە، سکرتێری گشتی ناتۆ. ترامپ لە کۆبوونەوەکەدا ڕەخنەی لە وڵاتانی ئەندام گرت بەهۆی هەڵوێستەکانیان بەرامبەر ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ئێران.
ترامپ لە کۆشکی سپی لە پاڵ مارک ڕووتە ڕایگەیاند، "ئێمە نائومێد بووین لە هەڵوێستی بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا، بەڵام ڕێزێکی زۆرم هەیە بۆ ئەم پیاوە [بەرپرسی ناتۆ]، بۆیە باسی ئەوە دەکەین چی ڕووی دا."
دیدارەکە لە کاتێکدایە بڕیارە مانگی داهاتوو کۆبوونەوەی لوتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە تورکیا بەڕێوە بچێت و سەرۆک ترامپ ئامادەی دەبێت، سەرەڕای هەوڵەکانی ئیدارەکەی بۆ پێداچوونەوە بە بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەوروپا.
ترامپ ڕەخنەی تووندی لە هەڵوێستی وڵاتانی هاوپەیمان لە ئەوروپا گرت بەهۆی ڕەتکردنەوەی بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ئێران و بەهۆی ئەو هەڵوێستە ڕایگەیاند، "ئەگەر هەر لایەنێکی تر ئەم هەڵوێستەی هەبووایە، ڕاستگۆ بم لەگەڵتان، ئەمڕۆ کۆبوونەوەمان لەگەڵیان نەدەکرد."
ترامپ گوتیشی، "پێویستیمان بە یارمەتی ئەوان نەبوو، بەڵام جێگەی خۆشحاڵی دەبوو ئەگەر بیانگوتبایە، 'ئارەزوو دەکەین هاوکاریتان بکەین.'"
جگە لە دیداری لەگەڵ سەرۆک ترامپ، مارک ڕووتە هەروەها بڕیارە لە واشنتن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەت و ئەندامانی کۆنگرێس کۆببێتەوە.
ترامپ دەمێکە ڕەخنەگری ناتۆ بووە و دەڵێت ئەمریکا "بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە" بەرپرسیار کراوە بە دابینکردنی زۆربەی توانای دارایی و سەربازیی ئەو هاوپەیمانییە.
وەزیری جەنگی ئەمەریکا پیت هێگسێس لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری ناتۆدا ڕایگەیاند کە ئەمەریکا بەدواداچوون بۆ جێگیرکردنی سەربازەکانی لە ئەوروپا دەکات. هەروەها ئاماژەی دا بەوەی پابەندبوونە دارایییەکانی ئەمەریکا لە داهاتوودا بەندە بە گەیشتنی هاوپەیمانەکانی دیکە بە ئامانجەکانی خەرجکردنی بەرگری.
وتەبێژی ناتۆ ڕایگەیاند کە لوتکەی 7-8ی مانگی حەوتی داهاتوو لە ئەنقەرە، گرنگی دەدات بە چۆنیەتی زیادکردنی وەبەرهێنانی بەرگری، فراوانکردنی بەرهەمی پیشەسازیی بەرگری و بەردەوامبوونی پشتیوانی لە ئۆکراینا.
ئەندامانی ناتۆ ڕێککەوتوون کە تا ساڵی 2035، ڕێژەی٪5ی بەرهەمی ناوخۆیی ساڵانەی خۆیان بۆ بەرگری خەرج بکەن.
ڕووتە لە لوتکەی وەزیرانی بەرگریدا وتی پێشبینی دەکرێت هەندێک لە هاوپەیمانەکان ئەمساڵ ئەو ئامانجە بپێکن. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە کەنەدا و هاوپەیمانە ئەوروپاییەکان لە ساڵی ڕابردوودا ڕێژەیەکی بەرچاو لە خەرجییەکانی بەرگرییان زیاد کردووە و ئاستی ئەو خەرجییانەیان بە بڕی 90 ملیار دۆلار بەرز کردووەتەوە.
بەرپرسی ناتۆ ڕۆژی سێشەممە بە فۆکس نیوزی ڕایگەیاند، "کاتێک سەیری ژمارەی ئەو وەبەرهێنانانە دەکەیت کە وڵاتانی ناتۆ ئێستا لە پێناوی بەرگریکردن لە خۆیان ئەنجامی دەدەن، ئەوە شتێکی جێگای سەرسوڕمانە."