Accessibility links

ڕوبیۆ: هیچ کارێک ناکەین ئاسایشی هاوپەیمانانی ئەمەریکا لە کەنداو لاواز بکات

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پابەندبوونی تەواوی حکومەتی ئەمەریکای بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لە کەنداو دووپات کردەوە و ڕایگەیاند "ئێمە بە تەواوی هاوتەریبین" لەگەڵیان.

مارکۆ روبیۆ دوێنێ گەیشتە ئیمارات و ئەمڕۆ چوارشەممەش بڕیارە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی کوەیت بەرەو بەحرەین بەڕێ بکەوێت. ڕایگەیاند کە ئامانجی گەشتەکەی بۆ دڵنیاییدانە بە پابەندبوونی تەواوەتی ئەمەریکا بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەو وڵاتانە.

روبیۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە شاری کوەیت بە ڕۆژنامەوانانی وت، "جگە لە دەربڕینی سوپاسگوزاری لەسەر ئەو هاوکارییە نایابەی لە تەواوی پرۆسەکەدا پێشکەشیان کردین، دەمانەوێت ڕاوێژیان لەگەڵ بکەین دەربارەی هەر بڕیارێکی پەیوەست بە گفتوگۆکانی ئێران."

وەزیری دەرەوە جەختی کردەوە لەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی کەنداو "زۆر ڕاشکاو" بوون و "هەستم بە هیچ گومانێک نەکردووە لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانەوە سەبارەت بە پابەندییە ئاسایشییەکانمان."

مارکۆ روبیۆ ڕەتی کردەوە هیچ وڵاتێکی کەنداو ئامادەیی دەربڕیبێت بۆ کارکردن لەگەڵ ئێران بە مەبەستی دامەزراندنی سیستەمێکی کۆکردنەوەی سەرانە لە گەرووی هورمز و ڕایگەیاند، "هیچ وڵاتێک شک نابەم پشتگیری لە کۆکردنەوەی باج و سەرانە لە تەنگەکەدا بکات."

وەزیری دەرەوە هەروەها چاوەڕوانی ئەمەریکای دووپات کردەوە لە پابەندبوونی ئێران بە ڕێککەوتنەکە و ڕایگەیاند ئەگەر بەرپرسانی ئێران پابەند نەبن، سەرۆکی ئەمەریکا چەندین هەڵبژاردەی لەبەردەستدایە، لە نێوانیاندا دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان.

This item is part of
XS
SM
MD
LG