کۆمپانیای تەنکەر ترەکێرز کە بەدواداچوون بە هاتوچووی کەشتییەکان دەکات، ڕایانگەیاندووە کۆماری ئیسلامی لە 15ی مانگی شەشەوە تا ئێستا 36 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە کردووە و نزیکەی هەمان بڕە نەوتی خاویش هێشتا لە ئاوەکانی ئێراندا ماوەتەوە.
ئەم ڕاپۆرتە دوایین نیشانەی گەڕانەوەی وردە وردەی هەناردەکردنی نەوتی کۆماری ئیسلامییە دوای چەند هەفتەیەک لە گەمارۆی دەریایی ئەمەریکا و کێشەکانی تەنگەی هورمز کە هەناردەکردنی نەوتی بە توندی کەمکردبووەوە.
ڕۆیتەرز پێشتر ڕایگەیاندبوو هەناردەکردنی نەوتی خاوی کۆماری ئیسلامی لە مانگی سێ نزیکەی یەک ملیۆن و 84 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە، بەڵام لە مانگی پێنجدا بۆ نزیکەی 209 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزیوە کە ئەمەش نزمترین ئاستە لە ماوەی لانیکەم شەش ساڵی ڕابردوودا.
لە هەمان کاتدا عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی دوای کۆبوونەوەی سویسرا ڕایگەیاند سزاکانی سەر هەناردەکردنی نەوت و پترۆکیمیایی ئێران ڕاگیراون و گەمارۆی دەریایی هەڵگیراون و هەندێک سەروەت و سامانی بەستووش ئازادکراون.
هەروەها ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاندووە "پێشکەوتنی باش" لەبارەی مۆڵەتی پێویست بۆ فرۆشتنی نەوت و ئازادکردنی سەروەت و سامانەوە بەدیهاتووە.
فشارەکانی بەڕێوبەرایەتی ترامپ پێشتر لە لێدوانەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیدا ڕەنگدانەوەی هەبووە. دوێنێ مەسعود پزشکیان بە داننان بە لەدەستدانی هەناردەکردنی نەوتی ئێران دوای گەمارۆی دەریایی، ڕایگەیاند کە حکومەت 20 میلیۆن بەرمیل نەوتی سەر بە حکوومەتی خستووەتە بەردەستی هێزی ئاسمانی سوپای پاسداران بۆ ئەوەی بتوانێت خەرجییەکانی خۆی دابین بکات.
هەروەها لە وتارێکی جیادا ڕایگەیاند ئەگەر چاکسازییەکانی دراوی پەیوەست بە کاڵا سەرەتاییەکان ئەنجام نەدرابا، وڵات لە کاتی جەنگدا ڕووبەڕووی کەمی یان "برسیتە"ی کەلوپەلی سەرەتایی توند دەبووەوە.
عەبدولناسر هێمەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران لە وتارێکدا ڕایگەیاند کە هەناردەکردنی نەوت لە مانگی سێ بە هۆی کێشەکانی دراو بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو نزیکەی 35 بۆ 40 لەسەد کەمی کردووە.
بەم شێوەیە گەڕانەوەی هەناردەی نەوت تەنیا پێشکەوتنێکی بازرگانی نییە؛ بەڵکو نیشانەی کردنەوەی یەکێک لە گرنگترین ڕێگاکانی هەناسەدانی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانیشە دوای ئەوەی گەمارۆی دەریایی و دابەزینی هەناردەی نەوت و پێویستی حکومەت بە دراوی بیانی گوشاری دارایی حکوومەتی گەیاندبووە ئاستێکی بێ وێنە.