Accessibility links

ڤانس: پێشبینی دەکەم لە دوو ڕۆژی داهاتوودا بۆ گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران سەردانی سویسرا بکەم

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند متمانەی زۆری هەیە بە بەردەوامی ئاگربەستی ئەمەریکا لەگەڵ ئێران و چاوەڕوان دەکرێت لە دوو ڕۆژی داهاتوودا بۆ بەشداریکردن لە دانوستاندنەکان سەردانی سویسرا بکات.

جەی دی ڤانس ڕۆژی شەممە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی فۆکس نیوزدا ڕایگەیاند، "پێشبینی دەکەم لە یەک دوو ڕۆژی داهاتوودا سەردانی سویسرا بکەم."

بەڵام ڤانس جەختی کردەوە لەوەی کاتی سەردانەکەی جێگیر نییە، ئەویش بە هۆی ناڕوونییەکان لە هاوئاهەنگی پرۆتۆکۆلی دیپلۆماسی بۆ ڕێکخستنی کۆبوونەوەکان.

ڤانس لە بایەخی ئەو نیگەرانیانەی کەم کردەوە کە باس لە ئەگەری شکستهێنانی ئاگربەست دەکەن. هەروەها، ڕەتی کردەوە ئامانجەکانی ئەمەریکا وئیسرائیل لەو پرسەدا لەیەکتر دوورکەوتبنەوە.

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا وتی، "من متمانەی زۆرم هەیە بەوەی کە دەتوانین بەردەوامی بە ئاگربەستەکە بدەین. پێموانییە [لەگەڵ ئیسرائیل] ئامانجەکان جیاواز بن، بەڵام هەندێک جار جیاوازی دروست دەبێت لەسەر چۆنیەتی بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانە."

ڤانس ئیسرائیلی بە "هاوپەیمانێکی باش" ناوبرد، بەڵام ڕایگەیاند "پێچەوانەی هەندێک لە لایەنەکانی ناو حکومەتی ئیسرائیل، سەرۆک ترامپ دەیەوێت هەلێک بدات بە چارەسەری دیپلۆماسی."

لێدوانەکانی ڤانس لە کاتێکدان ڕۆژی شەممە بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، ئێران تەنگەی هورمزی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان داخستووە.

سەرەڕای ئەم پێشهاتە، ئاژانسی هەواڵی فارس و میهری ئێران لە زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایانگەیاندووە شاندی ئێران بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی ئەمەریکا ئەمڕۆ بەرەو سویسرا بەڕێ دەکەوێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG