Accessibility links

ڤانس: هەوڵ دەدەین دەقی ڕێککەوتنی ئێران ئەمڕۆ بڵاو بکرێتەوە بەڵام قەتەر و پاکستان داوای دواخستنیان کردووە

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند پاکستان و قەتەر داوایان کردووە بڵاوکردنەوەی دەقی ڕێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و ئێران بۆ "ماوەیەکی کەم" دوا بخرێت، بەڵام ئیدارەی سەرۆک ترامپ هەوڵ دەدات ئەمڕۆ چوارشەممە بیخاتە بەردەم ڕای گشتی.

جەی دی ڤانس لە چاوپیکەوتنێکی کەناڵی سی بی ئێس ڕایگەیاند، "لە ڕاستیدا هەندێک پرۆتۆکۆڵی دیپلۆماسی هەن کە من باش لێیان تێناگەم؛ قەتەرییەکان و پاکستانییەکان کە هاوکاربوون بە نێوەندگیری بۆ گەیشتن بەم ڕێککەوتنە لەگەڵ ئێران، داوایان کردووە بڵاوکردنەوەی تەواوی دەقی ڕێککەوتنەکە بۆ ماوەیەکی کەم ڕابگرین. لە درەنگترین دۆخدا ڕۆژی هەینی بڵاو دەبێتەوە، بەڵام لەهەوڵداین ئەمڕۆ بڵاو بکرێتەوە چونکە دەمانەوێت بە خەڵکی ئەمەریکا بڵێین چی لە ڕیککەوتنەکەدا هەیە."

گوتیشی، "ئەمە ڕێککەوتنێکە بۆ گەلی ئەمەریکا."

لێدوانەکەی جێگری سەرۆک لە کاتێکدایە لە چەند میدیاکانی ئەمەریکا ئەوە بڵاوکراوەتەوە گوایە ڕێککەوتنەکە دەبێتە هۆی دابینکردنی نزیکەی 300 ملیار دۆلار لە خەرجی بونیادنانەوەی ئێران و لابردنی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر زیاتر لە 100 ملیار دۆلاری سڕکراوی ئێران.

ڤانس لەمبارەوە ڕایگەیاند، "هیچ لەوانە ناڕژێتە ئێرانەوە ئەگەر ئێران سەرلەبەری هەڵسوکەوتی خۆی لەگەڵ جیهاندا نەگۆڕێت."

ڤانس گوتی دەرفەتەکانی ئابووری بۆ ئێران لە ڕێککەونتەکەدا بەستراونەتەوە بە گۆڕانکاری لە مامەڵەی ئەو وڵاتە لە بنچینەدا، "کە ئەمە دەبێتە دەستکەوتێکی گەورە بۆ ئەمەریکا."

لە واشنتن داواکارییەکان پەرەیان سەندووە سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی دەقی تەواوی ڕێککەوتننامەکە. سیناتۆری کۆماری لنزی گراهام کە یەکێک لە هاوپەیمانە سەرسەختەکانی ترامپ چەند جارێک گومانی لە نیازی ئێران دەربڕیوە بۆ پابەندبوون بە ڕێککەوتننامەکان و داوای کردووە دەقی یاداشتنامەکە لە کۆنگرێس بڕیاری لەسەر بدرێت.

سەرۆک ترامپ ڕۆژی سێشەممە بە گاڵتەوە ڕایگەیاند لینزی گراهام "لە کێشەیەکی گەورەدا" دەبێت، ئەگەر بێتو گومان بخاتە سەر ڕێککەوتننامەکە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG