بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری ناتۆ، وەزیری جەنگی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە سەردانی بەلجیکای کرد.
وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند پیت هێگسێس لە کۆبوونەوەکەدا هانی هاوپەیمانانی ئەندام لە ناتۆ دەدات کە خەرجی بەرگرییان بەرز بکەنەوە بە ڕێژەی 5٪ لە تێکڕای بەرهەمی گشتی نیشتیمانی و پیشەسازی بەرگرییان بەهێز بکەن.
وەزارەتی جەنگ ڕایگەیاند، وەزیری جەنگ "سەرنج دەخاتە سەر پێویستی بەپەلە بۆ ئەوەی هاوپەیمانانی ناتۆ ئەرکی سەرەکی بەرگری کیشوەری ئەوروپا لەئەستۆ بگرن."
بڕیارە کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری ناتۆ بەیانی پێنجشەممە لە برۆکسل ئەنجام بدرێت.
سکرتێری گشتی ناتۆ، مارک ڕووتە، ڕۆژی چوارشەممە پرسە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی وەزیرانی ناتۆی خستە ڕوو. ڕایگەیاند، "هاوپەیمانان پێشکەوتن لە بنیاتنانی ئەوروپایەکی بەهێزتر لە ناتۆیەکی بەهێزتردا نیشان دەدەن. پێویستیمان بە هێزی زیاتر و سەرچاوەی زیاتر و بنکەیەکی پیشەسازی زۆر بەهێزتر هەیە. ئەمەش واتە زیادکردنی بەردەوامی وەبەرهێنانی بەرگری و هاوبەشکردنی بەرپرسیارێتی دادپەروەرانەتر بۆ ئاسایشی گشتیمان."
سکرتێری گشتی ناتۆ هەروەها جەختی کردەوە لە گرنگی پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ئۆکرانیا و ڕایگەیاند لەم بارەوە کۆبوونەوەیەک بە سەرۆکایەتی ئەڵمانیا و بەریتانیا ئەنجام دەدرێت.