دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سۆشیال ڕایگەیاند کەشتییەکان دەستیان کردووە بە تێپەڕین بە نێو تەنگەی هورمزدا و دەڵێت بەشێکی زۆریان بە باری نەوتەوە ناوچەکە بەجێدەهێڵن.
ترامپ لە پەیامەکەدا نووسیویەتی ئەم کەشتیانە بە ڕێگای باشووردا تێدەپەڕن و ئەم ڕێگایەی بە تەواو سەلامەت و پارێزراو ناو بردووە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە ڕێگەی دیکەش هەیە بۆ تێپەڕبوونی دەریایی.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە دوێنێ هەواڵی ڕێککەوتنی سەرەتایی نێوان ئێران و ئەمەریکا ڕاگەیەندرا؛ ڕێککەوتنێک کە ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان باسیان لە کەمکردنەوەی گرژییە ناوچەییەکان و کردنەوەی ڕێگاکانی کەشتیوانی کردووە، لەنێویاندا تەنگەی هورمز.
تەنگەی هورمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوی ستراتیژیی بۆ گواستنەوەی نەوتی جیهان و هەر گۆڕانکارییەک لە دۆخی ئەمنی و کەشتیوانیدا، هەستیارییەکی بەرزی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.