Accessibility links

دوای ڕێککەوتنی نێوان ئەمەریکا و ئێران، نرخی نەوت بە ڕێژەی زیاتر لە 4% دادەبەزێت

نرخی نەوت ئێوارەی یەکشەممە بە کاتی واشنتن بەڕێژەی زیاتر لە 4% دابەزینی بە خۆیەوە بینی، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمەریکا و ئێران ڕێککەوتنێکیان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و کردنەوەی تەنگەی هورمز ڕاگەیاند.

هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساس لە تۆکیۆ بە ڕێژەی 4.39% دابەزی و گەیشتە 81 دۆلار و 15 سەنت. ئەم دابەزینە دوای ئەوە هات کە پاکستان وەک نێوەندگیرێک لە دانوستانەکاندا، ڕایگەیاند کە تاران و واشنتن گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی و "کۆتایییەکی خێرا و هەمیشەیی" بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکان بە لوبنانیشەوە.

هەروەها دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران یەکلایی بووەتەوە و کردنەوەی تەنگەی هورمز و هەڵگرتنی دەستبەجێی گەمارۆی دەریایی ئەمەریکای ڕاگەیاند.

تەنگەی هورمز یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەکان بۆ گواستنەوەی وزەی جیهان و نزیکەی لەسەدا 20ی نەوتی خاوی جیهان تێیدا تێپەڕ دەبێت.

دوای چەند کاتژمێرێک کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند ڕێککەوتنە نوێیەکە لەگەڵ ئەمەریکا "کۆتایی دەستبەجێ" بە شەڕی نێوان دوو وڵاتەکە دەهێنێت.

شرۆڤەکارانی ئابووری بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە، ئێستا بازاڕەکان چاوەڕێی پشتڕاستکردنەوەی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە دەکەن. ئاماژەیان بەوەشکردووە، واژۆکردنی فەرمی ڕێککەوتنەکە لە سویسرا، پاککردنەوەی مینەکان لە ڕێڕەوی دەریایی و هەڵسوکەوتی ئیسرائیل و حزبوڵڵا لەو فاکتەرانەن کە وەبەرهێنەران لە نزیکەوە بەدواداچوونیان بۆ دەکەن.

This item is part of
XS
SM
MD
LG