دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سوشیاڵ ڕایگەیاند ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران ئێستا گەیشتووەتە ئەنجام و پیرۆزبایی لە هەموو لایەک کرد.
"سەرۆک ترامپ نووسیویەتی "من لێرەوە ڕێگە بە کردنەوەی تەنگەی هورمز بە تەواوی و بێبەرامبەر دەدەم و لە هەمان کاتدا، فەرمان دەدەم دەستبەجێ گەمارۆی دەریایی سەر ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە هەڵبگیرێت. کەشتییەکانی جیهان، بزوێنەرەکانتان هەڵکەن با ڕۆیشتنی سووتەمەنی بەردەوام بێت."
هاوکات تۆزێک دوای پەیامەکەی ترامپ، کازم غەریب ئابادی جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە دەقی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمەریکا گەیشتووەتە ئەنجام و وتی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە ڕۆژی هەینی بە شێوەی فەرمی لە سویسرا واژۆ دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد "هەندێک لەو هەموارکردنانەی کە لە لێکتێگەیشتنەکەدا مەبەستیان بووە، بەهۆی ئەو ڕووداوانەی لە لوبنان ڕوویانداوە و بەیاننامەکانی هێزە چەکدارەکان ئاسانکارییان بۆ کراوە."
ئاژانسی هەواڵی فارسیش هەروەها نووسیویەتی دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر باشووری بەیروت، ئێران دانوستانەکانی هەڵوەشاندەوە و خۆی ئامادە کرد بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، "بەڵام دواجار بەو خاڵە سیاسیانەی کۆتا خولەک کە سەرۆکی ئەمەریکا پێشکەشی کردین، قەناعەتمان پێکرا دەستبەرداری هێرشەکەی بین، لەوانە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی لوبنان و کشانەوەی ئیسرائیل لە سنووری لوبنان و هەڵگرتنی دەستبەجێی گەمارۆکە."
فارس نووسیویەتی "هەروەها بڕیاردرا سیستەمی یاسایی هاتوچۆ لە ئاوەکانی کەنداوی فارس بە هاوکاری ئێران و عومان ڕێکبخرێت."
هەر لەم چوارچێوەیەدا و کەمێک پێش بڵاوبوونەوەی پەیامەکەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە بە ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵی ڕاگەیاند بەنیازە بەم زووانە بەیاننامەیەک بڵاوبکاتەوە و پشتڕاستی بکاتەوە کە ئەمەریکا گەیشتووەتە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران.
ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد ئەو ڕێککەوتنە کە تا ئێستا ئێران پشتڕاستی نەکردووەتەوە، یان لە ڕێگەی ئەلیکترۆنیەوە یان لەلایەن خۆیەوە یان لەلایەن جێگری سەرۆکی ئەمەریکا جەی دی ڤانسەوە واژۆ دەکرێت. ئەم گفتوگۆیە تەنها چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی ترامپ بەشداری لە بۆنەیەکی گەورەی یو ئێف سی بکات لە کۆشکی سپی، ئەنجام دراوە.
هەندێک ڕێککەوتنەکەیان بە "یاداشتێکی لێکتێگەیشتن" ناو بردووە کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ دانوستانی زیاتر، بەڵام ترامپ یەکشەممە ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕەی نزیکەی چوار مانگە بەردەوامە.
ترامپ بە ڕۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵی ڕاگەیاندووە ڕێککەوتنەکە پابەندبوونی ئێران بە دەستنەخستنی چەکی ئەتۆمی و کردنەوەی دەستبەجێی تەنگەی هورمز لەخۆدەگرێت. هەروەها گوتیشی هیچ پەلەیەکی نییە بۆ لابردنی ماددەی ئەتۆمی لە ئێران و دەتوانرێت لە قۆناغێکی دواتردا بەدواداچوون بۆ ئەم کارە بکات.
وتیشی"دواتر کاتێک ئامادە دەبین بۆ کارکردن، ئەو تۆزە ئەتۆمییە کۆدەکەینەوە و پێموانییە لە یەک دوو مانگی داهاتوودا ئەوە بکەین و هیچ پەلەکردنێک پێویست نییە" وئەو پرسەی بە "بێ زیان" ناو برد.
سەرۆک ترامپ ئاماژەی بەوەشکرد بەپێچەوانەی هەندێک لە ڕەخنەگرانی خۆی، زۆر نیگەرانی گۆڕینی ڕژێمی ئێران نییە.
ئاماژەی بەوەشکرد هەرگیز گرنگیم بە گۆڕینی ڕژێم نەداوە "ئەمە سێیەم گروپە کە مامەڵەمان لەگەڵدا کردوون و تا ئێستا گونجاوترین گروپ بوون."
ترامپ هەروەها ڕایگەیاندووە پشکنینی توندتر بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت، هەرچەندە وردەکاری زیاتری لەمبارەیەوە نەخستەڕوو. ئاماژەی بەوەشکرد لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکەدا هیچ پارەیەک بە ئێران نادرێت، بەڵام دەکرێت سزاکان هەڵبگیرێن. وتیشی "با بزانین چۆن ڕەفتار دەکەن."
سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها وتی گەمارۆی دەریایی سەر ئێران کاریگەر بووە و بە "هێزتر لە هێرشی سەربازی" ناوی برد.
ئەم پەیوەندییە چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە ترامپ ڕەخنەی لە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرت بەهۆی ئاڵوگۆڕی تەقە لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنان، ڕووداوێک کە بە وتەی ترامپ نزیک بووە دانوستانە گرینگەکان پەکبخات.