Accessibility links

سەرۆک ترامپ: ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێران لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا واژۆ دەکرێت

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت چاوەڕێ دەکات ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا واژۆ بکرێت.

سەرۆک ترامپ ئەم قسانەی ڕۆژی یەکشەممە 14ی مانگی شەش لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزدا کرد و لە چاوپێکەوتنەکەدا باسی لە پێشکەوتنی دانوستانەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هەروەها گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی کرد.

پەیامنێری فۆکس نیوز ئاماژەی بەوەدا کۆماری ئیسلامی لە کۆتا خولەکدا چەندین جار لە دانوستانەکان پاشەکشەی کردووە. هەروەها وتی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکانی حزبوڵڵا لە بەیروت بووەتە "فاکتەرێکی نادیار" لە دانوستانەکاندا.

پێشتریش ڕۆژی یەکشەممە، سەرۆکی ئەمەریکا بە ئاشکرا ڕەخنەی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکانی حزبوڵڵا لە بەیروت لە سەروبەندی واژۆکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی گرت و داوای لەو وڵاتە و هەموو لایەنەکانی دیکە کرد کۆتایی بە شەڕەکان بهێنن.

ترامپ لەو چاوپێکەوتندا ڕایگەیاند دوای هێرشەکان ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە کردووە و ڕەخنەی زۆری لێ گرتووە.

لە چاوپێکەوتنەکەدا ترامپ وتی چاوەڕێ دەکات بەم زووانە ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران بگاتە ئەنجام و واژۆ بکرێت.

سەرۆکی ئەمەریکا بە کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاند کە لە ماوەی دوو بۆ سێ کاتژمێری داهاتوودا ڕێککەوتنەکە لەگەڵ ئێران بە شێوەی ئەلیکترۆنی واژۆ دەکرێت.

هەروەها ڕایگەیاند داوا لە ئێران دەکات تۆڵە نەکاتەوە لە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل کە پێگەکانی حزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج.

سەعاتێک لەمەوبەر سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سۆشیال ڕایگەیاندبوو کە ئیسرائیل نەدەبوو هێرش بکاتە سەر باشووری بەیروت و وتی نابێت چیتر ئیسرائیل هیچ شوێنێکی لوبنان بکاتە ئامانج و نابێت حزبوڵڵاش هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.

This item is part of
XS
SM
MD
LG