Accessibility links

ترامپ: ئیسرائیل نابێت چیدیکە هێرش بکاتە سەر هیچ شوێنێکی لوبنان

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە ڕەخنەی توندی لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی باشووری بەیروت گرت و جەختی لەوە کردەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێران بگەنە ڕێککەوتن، ئیسرائیل نابێت چیدیکە "هیچ شوێنێکی لوبنان" بکات بە ئامانج.

سەرۆک ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سۆشیاڵ پۆستێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "هێرشەکەی سەر لەبەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر بەیروت نەدەبوو ڕووبدات، بەتایبەتی لە ڕۆژێکی ئاوا گرنگدا کە ئەوەندە نزیکین لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئێران."

سەرۆکی ئەمەریکا دەشڵێت ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر هەڕەشەکان، بەڵام ئەو هێرشەی کە کراوەتە سەری و بەو هۆیەوە هێرشی کردووەتە سەر باشووری لوبنان، زۆر بچووک و بێ بایەخ بووە؛ هیچ کەسێک نەکوژراوە و بریندار نەبووە و نابێت ئەم پرۆسە گرنگە پەکبخات.

سوپای ئیسرائیل لە کاردانەوە بە هێرشی حیزبوڵای لوبنان بۆ ناو خاکەکەی، ڕایگەیاندووە هێرشیان کردووەتە سەر ئامانجەکانی حزبوڵا لە باشووری بەیرووت.

سەرۆکی ئەمەریکا بە ئاماژەدا بەوەی کە نزیکبوونەتەوە لە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران وتی ڕێککەوتننامەکە ئاشتی بۆ ناوچەکە بە لوبنانیشەوە دەهێنێتە ئاراوە و دەبێت هەموو لایەنەکان توندوتیژییەکان کەم بکەنەوە و دان بە خۆیاندا بگرن.

ترامپ جەختی لەوە کردەوە نابێت چیتر ئیسرائیل هیچ شوێنێکی لوبنان بکاتە ئامانج و دەشڵێت هەروەها هیچ لایەنێکی دیکە بە حزبوڵاشەوە دەست بداتە هێڕش کردن.

ئەم پۆستەی سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتێکدایە کە حکومەت و سوپای ئیسرائیل دەڵێن باشووری لوبنان دەکەنە ئامانج بەهۆی هێرشەکانی حزبوڵاوە بۆ سەر باکووری ئیسرائیل، هەروەها هێزە زەمینیەکانی ئیسرائیل چوونەتە ناو خاکی لوبنانەوە.

پێش ئەم پۆستەی سەرۆک ترامپ، محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامی لە دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ ئەمەریکا، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند درێژەدان بە ڕێککەوتن لەگەڵ واشنتن "مەحاڵە" دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیروت.

قاڵیباف لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی "هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باشوری بەیروت چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر جارێکی دیکە دەریخست ئەمەریکا یان ئیرادەی نییە یان توانای جێبەجێکردنی ئەرکەکانی نییە.

This item is part of
XS
SM
MD
LG