Accessibility links

بۆچی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەمەریکا و ئێران لەسەر هێڵ و بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی واژۆ دەکرێت؟

ڕێبەرانی ئەمەریکا و پاکستان ڕایانگەیاندووە ڕۆژی یەکشەممە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێی چەند مانگەی نێوان ئەمەریکا و کۆماری ئیسلامی واژۆ دەکرێت. دەشڵێن واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەبێت، نەک لە مەراسیمێکدا لەگەڵ نوێنەری هەردوو وڵات و نێوەندگرەکان.

چ بارودۆخێک بووە هۆی ئەوەی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە لەسەر هێڵ و بەشێوەی ئەلیکترۆنی بەڕێوەبچێت؟

نیگەرانییەکانی نێوەندگران

عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە وتووێژێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند "دوای یەکلایی بوونەوەی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە، ڕێوڕەسمی واژۆکردنی بە شێوەی ئەلیکترۆنی لە دوورەوە بەڕێوە دەچێت.

بەگوێرەی هەندێک لە ڕاپۆرتەکان، هەندێک لە نێوەندگیران نیگەرانن لەوەی تا زیاتر هەماهەنگکردنی مەراسیمێکی ڕاستەوخۆ بۆ واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە زیاتر بخایەنێت، ئەگەری دروستبوونی بەربەستێک بۆ پێشکەوتن لەم بوارەدا زیاتر دەبێت یان مەترسی ئەوەی یەکێک یان هەردوولا لە ڕێککەوتنەکە بکشێنەوە.

سی ئێن ئێن بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە نووسیویەتی پلانی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە بە شێوەیەکی مەجازی ڕۆژی شەممە بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوەی خێراتر ڕێککەوتنەکە کۆتایی پێبهێنرێت و دوور بکەوێتەوە لە هەر پەککەوتنێک.

ئەم نیگەرانیانە لە کاتێکدایە دانوستانکارانی قەتەر کە هاوکات لەگەڵ پاکستان نێوەندگیری دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران دەکەن، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە گەشتیان بۆ تاران کرد بۆ ئەوەی بەشێک بن لە هەوڵەکانی بە ئەنجامگەیاندنی ڕێککەوتنەکە.

ناکۆکی کات لەگەڵ گەشتەکەی ترامپ بۆ ئەورووپا

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند پێدەچێت جێگری سەرۆکی ئەمەریکاش بەناوی ئەمەریکاوە بەشداری لە مەراسیمی واژۆکردنی یاداشتنامەکەدا بکات.

هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن نووسیویانە هەڵوەشاندنەوەی مەراسیمی واژۆکردن بە شێوەی ئامادەبوونی لایەنەکان لە ئەورووپا لەگەڵ ڤانس بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە گەشتەکەی ڤانس بۆ ئەورووپا زۆر نزیک بووە لە گەشتەکەی ترامپ بۆ ئەورووپا بۆ ئەوەی بەشداری لە لوتکەی گروپی حەوتدا بکات.

ئەکسیۆس نووسیویەتی بەرپرسانی ئەمەریکا و سەرچاوەکانی وڵاتانی نێوەندگر پشتڕاستیان کردووەتەوە کە واژۆکردنەکە بە شێوەیەکی مەجازی و ئەلکترۆنی ئەنجام دەدرێت و دەڵێن کە ئەمە بە شێوەیەکی سەرەکی لەبەر هۆکاری لۆجستی بووە.

سەرچاوەکان بە ئەکسیۆس ڕاگەیاندووە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان ئەوەیە کە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کە سەرکردایەتی تیمی دانوستانکاری ئەمەریکا دەکات، ئەگەر سەردانی ئەورووپای بکردبا بۆ واژۆکردنی یاداشتنامەکە، ئەوا نەیدەتوانی لە کاتی خۆیدا بگەڕێتەوە بۆ ئەمەریکا پێش ئەوەی ترامپ گەشت بکات بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی گروپی حەوت لە فەرەنسا کە سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممەیە.

هەروەها سی ئێن ئێن نووسیویەتی، سەرۆک و جێگری سەرۆک لە یەک کاتدا بە هۆکاری ئەمنی و بەردەوامبوونی حکومەت گەشت بۆ دەرەوەی وڵات ناکەن و پێش ئەوەی ترامپ بڕوات ئەستەم دەبوو ڤانس بتوانێت بگاتەوە ئەمەریکا.

هەروەها ترامپ لە پەراوێزی لوتکەی گروپی حەوت کۆبوونەوەی دووقۆڵی جیای لەگەڵ بەشێک لەو سەرکردە عەرەبەکان دەبێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG