دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی چوارشەممە بڕیارنامەیەکی پەسەند کرد کە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێت و تێیدا داوای لە ئێران کرد زانیارییەکان سەبارەت بە یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی ڕابگەیەنێت و ڕێگە بە پشکنەرەکان بدات زانیارییەکان پشتڕاست بکەنەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، دیپلۆماتکاران لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا ڕایانگەیاند بڕیارنامەکە بە پاڵپشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، بە 21 دەنگی بەڵی بەرامبەر بە سێ دەنگی نەخێر و 10 دەنگی بێلایەن پەسەندکراوە.
دیپلۆماتکاران ڕایانگەیاندووە ڕووسیا، چین و نیجەر دەنگیان بە دژی بڕیارنامەکە داوە. ئاماژەیان بەوەشکردووە، ڤەنزوێلا بۆی نییە دەنگ بدات.
لە بڕیارنامەکەدا هاتووە کە ئێران دەبێت "زانیاری تەواو لەسەر بڕە ماددە ئەتۆمییەکانی" بداتە ئاژانسەکە و دەستڕاگەیشتن بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیارییەکان "بەبێ دواکەوتن" دابین بکات.
نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە لە ڤیەننا کاردانەوەیان بەرامبەر بە پەسەندکردنی بڕیارنامەکە دەربڕیوە و بە "سیاسی" ناویان بردووە.
لە بەیاننامەی نوێنەرایەتییەکەی ئێراندا هاتووە کە تاران سازش لەسەر مافەکانی خۆی ناکات.
ئەم بڕیارنامەیە دەتوانێت دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی ئاڵۆز بکات. دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا چەندین جار داوای وەستاندنی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران و گواستنەوەی یۆرانیۆمەکەی بۆ ئەمەریکا کردووە. ئێرانیش لە بەرامبەردا دەڵێت دەستبەرداری مافی پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت.
دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوکی بڕیارنامەیەکی ئەمەریکا لە دژی ئێران پەسەند دەکەن