سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە 8ی مانگی شەش بە ئاماژەدان بە ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەکتری، وتی "هێرشەکان وەستاون، بەڵام ئەگەر ڕژێمی تیرۆریستی ئێران هەڵەیەک بکات، ئێمە بە توندی وەڵامی دەدەینەوە."
بنیامین نەتانیاهۆ لە یەکەم پەیامی ڤیدیۆیی لە دوای دەستپێکردنی شەپۆلی نوێی هێرشەکانی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر یەکتری وتی "ئێران و حزبوڵا لە هەموو کاتێک لاوازترن و ئێمە لە هەموو کاتێک بەهێزترین."
نەتانیاهۆ دەڵێت "ئێران و حزبوڵا هەوڵیاندا هاوکێشەیەکی نوێ بەسەرماندا بسەپێنن کە لای ئێمە قبوڵ ناکرێت، ئەوان پێیانوابوو لە خاکی لوبنانەوە و لە ئێرانەوە هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل و ئێمە بێدەنگ دەبین، ئەمە ڕووی نەدا و ڕوونادات، ئەویش لە کاتێکدا من سەرکردە بم."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل وتیشی "ئێمە هێرش دەکەین، بە هێز وەڵام دەدەینەوە. ئێمە بەردەوام دەبین لە تێکدانی هەموو ژێرخانە تیرۆریستییەکانیان لە باشووری لوبنان، هەروەها ئاسایش بۆ باکوور دەگەڕێنینەوە. ئەگەر ئێمە لە کاتی خۆیدا و بە زەبری هێز مامەڵەمان نەکردایە، ئەمڕۆ لێرە نەدەبووین."
نەتانیاهۆ هەروەها ڕایگەیاندووە ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست ناهێنێت.
پێشتر وەزیری بەرگری ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاندبوو، سوپای وڵاتەکەی لە لوبنان بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی "رێکخراوی تیرۆریستی حزبوڵا" و "وەڵامی هەر هێرشێک دەداتەوە بۆ سەر شارۆچکەکانی باکوری ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی باشووری بەیروت."