Accessibility links

ترامپ داوا دەکات ئیسرائیل و ئێران هێرشکردنە سەر یەکتر ڕابگرن

لە پەیامێکی کورتدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سۆشیاڵ، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا بە توندی داوای لە کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیسرائیل کرد هێرشەکانیان بۆ سەر یەکتر ڕابگرن.

لە پەیامەکەیدا سەرۆک ترامپ دەڵێت "پێویستە ئیسرائیل و ئێران دەستبەجێ هێرشکردنە سەر یەکتر ڕابگرن".

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە کاردانەوە بە هێرشەکەی بۆ سەر ناوچەیەکی گەڕەکی بەیروت دەستی بە هێرشە مووشەکیەکانی کرد بۆ سەر ئیسرائیل، سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند پەیوەندی بە نەتانیاهۆوە دەکات و داوای لێدەکات خۆی لە هێرشی تۆڵەکردنەوە بە دووربگرێت.

پاش ئەوەش ئاژانسی هەواڵی کانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەمەریکا بە پێی ڕاگەیاندوون "پێموایە ئیسرائیل بە پێی پێویست وەڵامی داوەتەوە، پێویست ناکات چیتر وەڵام بدەنەوە، دەتوانین دوای سێ هەزار ساڵ ئاشتی بەدەستبهێنین."

دۆناڵد ترامپ هەروەها لەلێدوانێکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمزیش ڕایگەیاندووە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هیچ ڕێگەیەکی تری نابێت جگە لە قبوڵکردنی هەر ڕێککەوتنێک کە ئەمەریکا دانوستانی لەسەربکات و کۆتایی پێبهێنێت لەگەڵ ڕێژیمی ئێران.

پێشتریش شەوی یەکشەممە بە کاتی واشنتن، چەند کاتژمێرێک دوای هێرشە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ئیسرائیل، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا و سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی وتووە کە تۆڵەی هێرشە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی نەکاتەوە و کاتێکی زیاتریش بۆ دیپلۆماسی بدات.

بەڵام دواتر ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی دایەوە و ڕایگەیاند کە سیستەمی بەرگری ستراتیژی لە ئێران کردووەتە ئامانج. ئیسرائیل هەروەها هێرشی کردە سەر دامەزراوەیەکی پترۆکیمیایی لە ئێران. هەروەها سوپای پاسداران ڕۆژی دووشەممە جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. ئیسرائیل تا ئێستا وەڵامی پەیامەکەی سەرۆک ترامپی ڕۆژی دووشەممەی نەداوەتەوە. بەڵام پێشتر ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل بڵاویکردەوە کە بنیامین نەتانیاهۆ بەیانی ڕۆژی دووشەممە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ کابینەی ئاسایشی خۆی ئەنجام دەدات.


This item is part of
XS
SM
MD
LG