نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند سوپای ئەو وڵاتە ناوەندەکانی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی لە ناوچەی باشووری بەیروت کردووەتە ئامانج.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە "بەپێی فەرمانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، نەتانیاهۆ و کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل، چەند خولەکێک لەمەوبەر هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل ناوەندێکی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی حزبوڵای لە ناوچەی زاحیە لە بەیروت کردووە ئامانج. ئەم کارە لە وەڵامی تەقەکردنی حزبوڵا بۆ سەر خاکی ئیسرائیل ئەنجامدراوە".
زاحیە بارەگای سەرەکی و هێزەکانی حیزبوڵای لوبنانە کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن. کاتژمێرێک پێشتر سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو دوو موشەکیان تێکشکاندووە کە لە لوبنانەوە ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کرابوون.
هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروت تەنها چەند ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی حکومەتی لوبنان و ئیسرائیل دێت. ئێران کە لە دانوستاندایە لەگەڵ ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە، پێشتر هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەگەر ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر بەیروت، شەڕەکە دەستپێدەکاتەوە.