Accessibility links

کۆنگرێسی ئەمەریکا دۆخی دیموکراسی تورکیای تاووتوێ کرد

کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی تۆم لانتۆس، کە دەستەیەکی هاوبەشی کۆماری و دیموکراتەکانە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، ڕۆژی چوارشەممە دانیشتنێکی لەسەر چارەنوسی دیموکراسی و حکومڕانی تورکیا ئەنجام دا.

لە دانیشتنەکەدا ڕاگەیێندرا دۆخی ئازادی لە تورکیا بەرەوە "خراپتر" هەنگاو دەنێت.

لە نوسراوی دانیشتنەکەدا هاتووە، "دوای پاشەکشەکردنی پارتی دەسەڵاتدار لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەدا، حکومەتی تورکیا سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی، میدیای سەربەخۆ، کۆمەڵگەی مەدەنی، کەمینە ئایینیەکان و ڕەخنەگرانی هەستپێکراوی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات چڕتر کردووەتەوە."

کریستۆڤەر سمز، نوێنەری کۆمارییەکان لە ویلایەتی نیو جێرسی کە سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی دەکرد، ڕایگەیاند، "تورکیا نزیکبووەتەوە لە گەیشتن بە خاڵێک کە گەڕانەوەی بۆ نییە."

ئەو نوێنەرەی کۆمارییەکان ڕایگەیاند حکومەتەکەی سەرۆک ئەردۆغان بە ڕادەیەکی زۆر دەزگا دیموکراسییەکانی لاواز کردووە و دەستەڵاتی لای خۆی چڕ کردووەتەوە "بە شێوەیەک کە زۆر ئەستەمە ئازادی مەدەنی و سیاسی لە سادەترین پێناسەیدا بگەڕێتەوە بۆ ئەو وڵاتە."

کریستۆڤەر سمز ئاماژەی دا بە دەستگیرکردنی هەزاران چالاکوان و ڕۆژنامەنووس لە تورکیا و گوتی "تەنانەت هاووڵاتیانی ئەمەریکایی بە ڕەگەز تورکیایی ڕووبەڕووی هەراسانکردن و چاودێریکردن دەبنەوە."

جەیمس مەکگۆڤەرن، نوێنەری دیموکراتەکان لە ویلایەتی ماسەچوسێتس، ڕایگەیاند لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ ڕەخنەیان لە دۆخی تورکیا گرتووە و پرسیاری ئەوەی کرد، "ئایا بۆ چی حکومەتی تورکیا هەست بەوە دەکات کە دەتوانێت پابەندبوونەکانی بە ئازادی و مافی مرۆڤ فەرامۆش بکات؟"

لە دانیشتنەکەدا هێنری بارکی، توێژەری باڵای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێکخراوی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ڕایگەیاند دامەزراوەکانی دەوڵەتی تورکیا، دادگاکانی، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، دامەزراوەی هەڵبژاردن و "تەنانەت دەستوریش وردە وردە ئاراستە دەکرێن بۆ ئەوەی ببن بە ئامراز بۆ دەستەڵاتی یەک پیاو، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی بتوانێت لە دەستەڵات بمێنێتەوە."

بە گوێرەی هێنری بارکی، " ئەوەی لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا ڕوویداوە، تەنیا پاشەکشەی دیموکراسی نییە لە بنەڕەتدا، بەڵکو بریتییە لە سەرهەڵدانی سیستەمێکی حوکمڕانی کەسیی، ڕژێمێک کە ڕێکخراوە لە دەوری بەردەوامیدانی سیاسی و ویستی دەزگایی و تایبەتی یەک کەس کە بریتییە لە سەرۆک ئەردۆغان."

هەروەها ئەندرو ئۆدەنۆو، زانای سیاسی لە زانکۆی هارڤارد، بە ئەندامانی کۆنگرێسی ڕاگەیاند تورکیا ئێستا لە "دۆخێکی وەرچەرخانی ترسناک" دایە کە تێیدا هاڵبژاردنەکان "نادادپەروەرانەن بەڵام هێشتا کێبڕکێ ماوە؛" بەرەوە ئەو ئاراستەیە هەنگاو دەنێت کە هەڵبژاردنەکان هیچی تر ناتوانن گۆڕانکاری سیاسی دەستەبەر بکەن.

نیگەرانییەکانی نوێنەرانی ئەمەریکا لە کاتێکدایە تورکیا وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژی ئەمەریکا پێگەیەکی گرنگی هەیە لە ڕێکخراوی ناتۆدا.

سەرۆک ترامپ لە چەندین بۆنەدا ستایشی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان کردووە، سەرەڕای ئەوەی ڕایگەیاندووە مامەڵەکردن لەگەڵی "قورسە."

لە مانگی دەی ساڵی ڕابردوو، ترامپ لە کاتی ڕاگەیاندنی پرۆژەی کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، سەبارەت بە ئەردۆغان ڕایگەیاند، "نازانم هۆکارەکەی چییە، بەڵام ئەو کەسانەی مامەڵەیان قورسە زیاتر بەلامەوە پەسندن لە خەڵکانی نەرم. نازانم هۆکارەکەی چییە. پێموایە ئەمە بابەتێکە پەیوەندی بە کەسایەتییەوە هەیە. بەڵام ئەم پیاوە بەڕێزە لەو شوێنەی کە پیی دەوترێت تورکیا یەکێک لە بەهێزترین سوپاکانی جیهانی هەیە. ئەو کەسێکە مامەڵەکردن لەگەڵی قورسە، بەڵام هاوڕێی من بووە و هەرکاتێک پێویستیم پێی بووبێت، ئەو ئامادەی هاوکاریکردن بووە."

بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو کۆبوونەوەی لوتکەیی ناتۆ لە تورکیا ئەنجام بدرێت. دوێنێ چوارشەممە وەزیری دەرەوە مارکۆ روبیۆ ڕایگەیاند سەرۆک ترامپ بەشداری کۆبوونەوەکە دەبێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG