وەزارەتی دادی ئەمەریکا ڕایدەگەنێت هاووڵاتییەکی عێراقی بە ناوی محەممەد باقر سەعد داود ئەلسەعدی بە تۆمەتی بەشداریکردن لە پلاندانان و هەماهەنگیکردن بۆ لانیکەم 18 هێرشی تیرۆریستی لە ئەوروپا و دوو هێرشی دیکە لە کەنەدا تۆمەتبار کراوە.
ئەلسەعدی کە ڕۆژی دووشەممە لە دادگای فیدراڵی مەنهەتن ئامادە بوو، تۆمەتەکانی ڕەتکردەوە و خۆی بە "دیلی جەنگ" ناو برد. داواکارانی گشتی ئەمەریکا ناوبراویان تۆمەتبار کردووە و دەڵێن ئەلسەعدی فەرماندەی کەتائیبی حزبوڵای عێراق بووە ولەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران هاوکاری کردووە. هەردوو ئەو گرووپە لەلایەن ئەمەریکاوە وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی بیانی دەستنیشانکراون.
بەپێی ئەو تۆمەتانە، ئەلسەعدی و هاوکارەکانی لە 9ی مانگی سێی ساڵی 2026ەوە دەستیان لە پلاندانانی لانیکەم 18 هێرش لە ئەورووپا بووە کە یەکێک لە هێرشەکان لە 15ی مانگی سێی ئەمساڵ دژی بینای بانکی نیویۆرک مێلۆن لە ئەمستردام لە هۆڵەندا ئەنجامدراوە و ڕۆژێک دوای ئەوە گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان لە ئەستۆ گرتووە.
هەروەها بەرپرسانی ئەمەریکا باس لەوە دەکەن ئەلسەعدی خەریکی خۆی ئامادە کردن بووە بۆ هێرشکردنە سەر کەنیشتەیەک لە شاری نیویۆرک و وێنە و نەخشەی ناوەندەکانی جووەکانیان لە لۆس ئەنجڵێس و سکۆتسدەیل لە ویلایەتی ئەریزۆنا بۆ بریکارێکی ئاسایشی نهێنی ناردووە.
وەزارەتی دادی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاندووە ئەلسەعدی لە 15ی مانگی پێنج دەستگیرکراوە و گواستراوەتەوە بۆ نیویۆرک و تا کاتی دادگاییکردنی لە دەستبەسەریدا دەمێنێتەوە.
پارێزەری ئەلسەعدی لە دادگا باسی لەوە کردووە ناوبراو لە حکومەتی عێراق کاری کردووە، هەرچەندە وردەکاری لەبارەی پۆست و پلەی نابراوەوە نەخستووەتەڕوو. هەروەها بانگەشەی ئەوەی کردووە ئەلسەعدی بۆ ماوەی دوو هەفتە لە زیندانێکی ژێرزەمینی لە تورکیا ڕاگیراوە و دواتر ڕادەستی ئێف بی ئای ئەمەریکا کراوە.
ئەلسەعدی لە دادگا لە ڕێگەی وەرگێڕێکی عەرەبییەوە ڕایگەیاندووە "من دیلێکی جەنگم و هەڕەشە نییەم."
داواکارانی گشتی ئەمەریکا هەروەها دەڵێن ئەلسەعدی پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی هێزی قودسی سوپای پاسدارانەوە هەبووە کە لە ساڵی 2020 لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکادا کوژرا.
جەی کلیتۆن، داواکاری گشتی ئەمەریکا بۆ ناوچەی باشووری نیویۆرک، وتی لە تۆمەتنامەکەدا باس لەوە کراوە ئەلسەعدی "هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە تیرۆریستییە سەر بە کۆماری ئیسلامی کردووە بۆ ئەنجامدانی هێرش لە دژی خەڵکی مەدەنی و هەروەها هەوڵیداوە خەڵکی مەدەنی لە ئەمەریکا بکاتە ئامانج."
ئەم دۆسیەیە لە کاتێکدایە کە حکومەتی ئەمەریکا سەرکوتکردنی تۆڕەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران و گرووپەکانی سەر بەو وڵاتە چڕتر کردووەتەوە. ئەگەر ئەلسەعدی تاوانبار بکرێت، لە ئەمەریکا ڕووبەڕووی سزای فیدراڵی بەرچاو و قورس دەبێتەوە.
فەرماندەی حزبوڵای عێراق لە دادگای ئەمەریکا ئامادە دەبێت؛ داواکارانی گشتی دەڵێن هاوکاری لەگەڵ قاسم سولەیمانی کردووە