Accessibility links

سەربازێکی ئەمەریکا و یەکێکی بەریتانیا لە هەولێر گیانیان لەدەست دا

سوپای ئەمەریکا گیانلەدەستدانی سەربازێکی لە کاتی مەشکردندا لە بنکەی ئاسمانی هەولێر پشتراست کردەوە و ڕایگەیاند ڕووداوەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی دوای ڕووداوەکە سەرەخۆشی و "هاوخەمی قوڵ" بۆ ئەمەریکا و بەریتانیا دەردەبڕێت و پێزانینی ڕادەگەیەنێت بۆ پشتگیری هەردوو وڵات لە ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق.

سوپای ئەمەریکا لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، "لە ڕۆژی 31ی پێنج، سەربازێکی سوپای ئەمەریکا گیانی لەدەست دا، لە کاتی ڕووداوێکی پەیوەست بە مەشقی سەربازی لە بنکەی ئاسمانی هەولێر لە عێراق."

لە بڵاوکراوەکەدا هاتووە، "مەشقەکە لەگەڵ هاوبەشانمان لە سوپای بەریتانیا ئەنجام دراوە، کە ئەوانیش سەربازێکیان لەدەست داوە. ڕووداوەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە."

سوپای ئەمەریکا ناسنامەی سەربازەکەی بە نهێنی هێشتووەتەوە، هەتا 24 کاتژمێر دوای ئەوەی کەسوکاری ئاگادار دەکرێنەوە.

وەزارەتی بەرگری بەریتانیاش ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند "بە داخێکی زۆرەوە" سەربازێکیان لە ڕووداوەکە گیانی لەدەست داوە.

وەزارەتەکە ڕایگەیاند کەسوکاری سەربازەکە لەو ڕووداوە ئاگادار کراونەتەوە و خێزانەکە داوایان کردووە بۆ ماوەیەک ناسنامەی قوربانییەکە ئاشکرا نەکرێت.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "لەم کاتە سەختەدا، بیر و دڵم لەگەڵ خێزان و کەسوکار و خۆشەویستانیاندایە و هاوبەشی خەمیانم."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها ڕایگەیاندووە بەشداری و پابەندی بەردەوامی ئەمەریکا و بەریتانیا لە پاڵپشتی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنێت.

This item is part of
XS
SM
MD
LG