Accessibility links

تۆم باراک: عێراق و سوریا و تورکیا چەقی سەقامگیرین بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

تۆم باراک ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند "بەشانازییەوە" ئەرکە نوێیەکەی وەک نێردەی ئەمەریکا بۆ سوریا و عێراق "لەژێر سەرکردایەتی بوێرانەی سەرۆک ترامپ" وەردەگرێت؛ هەروەها جەختی لە گرنگی پێگەی عێراق وسوریا و تورکیا لە دابینکردنی سەقامگیری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە.

تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ تورکیا و نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سوریا و عێراق، ڕۆژی دووشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس ڕایگەیاند، "شانازی دەکەم کە لە خزمەتی سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپدا دەبم، کە دەستکەوتگەلێکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەست هێناوە هیچ سەرۆکێک بەر لەو نەیتوانیوە بەدەستیان بهێنێت. کاتێک ئەو [سەرۆک ترامپ] قسە دەکات، ئەوان –بە دۆست و دوژمنەوە—گوێ دەگرن."

تۆم باراک ئاماژەی دا بەوەی سیاسەتی ئێستای ئەمەریکا "هیچی تر لە لایەن ڕۆژئاواوە و بۆ ڕۆژئاوا نییە، بەڵکو لە لایەن ناوچەکەیە و بۆ ناوچەکەیە."

گوتیشی، مامەڵەی سەرۆک دۆناڵد ترامپ "لە ڕێگەی شێوازی تایبەتی و سەرۆک-بۆ-سەرۆک تاکە ڕێگایە ئەو ناوچە ئاڵۆزە بەڕاستی توانای تێگەیشتن لێی هەبێت."

تۆم باراک ڕایگەیاند "شەرەفمەندە" بە وەرگرتنی ئەو پۆستە و ستایشی وەزیری دەرەوە مارکۆ روبیۆی کرد بەوەی "شوێن پێی هینری کێسنجەر" هەڵدەگرێت و بە هەنگاوەکانی "تەواو پارادیامی سیاسەتی ئەمەریکای لە ناوچەکە گۆڕیوە."

باراک ئاماژەی دا بە تێڕوانینی دۆناڵد ترامپ و گوتی، "فەلسەفەی سەرۆکی ئەمەریکا فێرمان دەکات هاوسەنگی هێز کە ئەمەریکا چەقەکەی بێت، ئەو کاتە باشترین کاریگەری دەبێت ئەگەر هاوپەیمانان هان بدرێن بە زیاتر پشتبەخۆبەستن و لەئەستۆگرتنی بارگرانییە هاوبەشەکان لە ڕێگەی هاوکاری یەکتری بۆ خۆشگوزەرانی هاوبەش، بەڵام هەمیشە لە چوارچێوەیەکدا بێت کە کاریگەری و سەقامگیری و هاوتەریبی ئەمەریکا لەگەڵ ئامانجە ستراتیژییە سەرەکییەکانی ئەمەریکادا بپارێزێت."

سەبارەت بە ڕۆڵی وڵاتانی ناوچەکە، باراک لە پۆستێکی تردا ڕایگەیاند، "لە نەریتی ئەوانەی کە دەمێکە لە شام و ئەنادۆڵ دەکۆڵنەوە - عێراق، سوریا و تورکیا وەکو چەقی ستراتیژی دەمێننەوە کە هەر سەقامگیرییەکی بەردەوامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەری دادەمەزرێت."

ڕاشیگەیاند، "هاوسەنگکردنی ئەم سێ وڵاتە پێویستی بە یەک خاڵی جێگیری پەیوەندی و هێزی ئەمەریکا هەیە: تێپەڕاندنی جیاوازییە خێڵەکی، ئایینی، یان تائیفییەکان. ئەم ئەرکە گرنگە، کە سەرۆک ترامپ باوەشی بۆ کردووەتەوە، هەوڵ دەدات یارمەتیدەری ناوچەکە بێت لە ڕێکخستنی خۆی بەرەو خۆشگوزەرانی هاوبەش، ئەویش بە چنینی ڕیشاڵە جیاوازەکانی لە یەک مافوری چنراودا."

This item is part of
XS
SM
MD
LG