توێژەران لە توێژینەوەیەکی گەورە و فراواندا دۆزینەوەیەکی سەرسوڕهێنەر ئاشکرا دەکەن کە دەتوانێت شێوازی تێڕوانینمان بۆ پیربوون و تەندروستی بگۆڕێت. ئەنجامی دوو لێکۆڵینەوەی نوێ دەریدەخات ئەندامێکی بچووک و تاڕادەیەکی زۆر لەبیرکراو لە لەشدا بە ناوی تایمۆس ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەبینێت لە تەمەن درێژی و خۆپاراستن لە نەخۆشی و تەنانەت لە سەرکەوتنی چارەسەری شێرپەنجەدا.
توێژەران لە دامەزراوەی تەندروستیی ماس جەنەڕاڵ بریگام (Mass General Brigham) لە شاری بۆستن-ی ویلایەتی ماسەچوسێتس لە ئەمەریکا بە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەنجامی پشکینەکانی 27612 کەس کردووە. ئامانجیان لەم توێژینەوەیە تێگەییشتن بووە لە نهێنییەکانی تەمەندرێژی و چۆنییەتی ڕزگاربوون لە شێرپەنجە و ئەنجامەکەشیان لە گۆڤاری نەیچەر بڵاویان کردووەتەوە.
لە ڕێگەی زیرەکیی دەستکردەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ سی تی سکەنی بەشداربووان کردووە و ئەنجامەکان لەسەر بنەمای ''تەندروستیی تایمۆس'' دابەش کراون. لە ئەنجامی توێژینەوەکەیان نهێنییەکی سەرنجڕاکێشی جەستەی مرۆڤیان دۆزیوەتەوە. دۆزینەوەکان پشتڕاستی کاریگەری ئەندامێکی بچووک و فەرامۆشکراوی جەستە بە ناوی تایمۆس (thymus) دەکەنەوە.
کەسانی خاوەن تایمۆسی تەندروست بەگشتی تەمەندرێژترن و کەمتر دووچاری نەخۆشیی کوشندە دەبنەوە. تەنانەت تەندروستیی ئەو ئەندامە بچووکە فەرامۆشکراوە کاریگەریی بەرچاوی لەسەر سیستەمی بەرگری و وەڵامدانەوەی نەخۆشانی شێرپەنجە بۆ چارەسەرییەکان هەیە.
دکتۆر هوگۆ ئارتس لەو بارەیەوە دەڵێت ''کاریگەرییەکانی تایمۆس بۆ ماوەی چەندین دەیەیە نادیدە گیراون و لەوانەیە ئەو ئەندامەی جەستە هۆکاری شکستی چارەسەرەکانی شێرپەنجە بێت لە هەندێک نەخۆشدا.'' هەروەها دەڵێت ''دۆزینەوەکانمان ئەوە نیشان دەدەن کە پێویستە ئەم ئەندامەی جەستە توێژینەوەی زیاتری لەسەر بکرێت و لەوانەیە بە تەواوی شێوازی تێگەییشتنمان بۆ هەڵکشانی تەمەن و کۆئەندامی بەرگریی مرۆڤ بگۆڕێت.''
ئەنجامەکان دەریان خستووە ئەو کەسانەی ئەم ئەندامەیان تەندروستە بە ڕێژەی 50٪ کەمتر دووچاری مردن دەبنەوە و 63٪ کەمتریش ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و لولەکانی خوێن هەیە و هەروەها 36٪ کەمتر تووشی شێرپەنجەی سییەکان دەبن.
لە توێژینەوەیەکی جیاوازدا کە لە هەمان گۆڤار بڵاو کراوەتەوە تاقیکردنەوە لەسەر 1200 نەخۆشی شێرپەنجە بە سی تی سکەن کراوە و بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو کەسانەی خاوەنی تایمۆسەکی تەندروستترن کاردانەوەی ئەرێنیتریان بۆ هاندانی بەرگری دژی شێرپەنجەکەیان هەبووە.
توێژەران پێیان وایە توێژینەوەی زیاتر بۆ تێگەییشتن لەم ئەندامە پێویستە. هەروەها دۆزینەوەی ئەو هۆکارانەی کە کار دەکەنە سەر تەندروستیی ئەم ئەندامە زۆر گرنگە.
ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوانە لە گۆڤاری زانستیی نەیچەر بڵاو کراونەتەوە کە یەکێکە لە گرنگترین و ئاستبەرزترین گۆڤارە زانستییەکان لە جیهاندا.
تایمۆس ئەندامێکی بچووکە لە بەشی سەرەوەی سنگدا و ڕاستەخۆ دەکەوێتە نێوان ئێسکی سنگ و دڵی مرۆڤەوە. بەگشتی زانراوە کە بەرپرسە لە ڕاهێنانی جەستە لەسەر شێوازی بەرەنگاربوونەوەی هەوکردن لە ڕێگەی خڕۆکە سپییەکانی کە لە پزیشکیدا بە لیمفۆسایتی تی (T-cells) ناسراون.
ئەم دۆزینەوە ئومێدبەخشە دەریدەخات کە زانایان ڕۆژانە لە نهێنییەکانی تەمەنێکی تەندروست نزیک دەبنەوە و ڕەنگە لە داهاتوویەکی زۆر دووردا تەندروستی تایمۆس وەک نیشاندەرێک بەکاربهێنرێت بۆ پێشبینیکردنی باری تەندروستی و ئاراستەکردنی چارەسەری تایبەتی بە کەسەکان.