زانکۆی کالیفۆڕنیای سان دیێگۆ دەرمانێکی نوێ دەدۆزێتەوە کە چەوری سەر جگەر دەکاتە ئامانج پێش ئەوەی مردنێکی بێدەنگ بۆ نەخۆشەکان بهێنێتە ئاراوە. ئەمەش دەتوانێت گۆڕانکارییەکی گەورە بێت لە بواری نەخۆشییەکانی جگەر و شەکرەی جۆری دووەم.
توێژەرانی زانکۆی کالیفۆڕنیای سان دیێگۆ چارەسەرێکی نوێیان بە ناوی (ION224) تاقی کردووەتەوە کە بە پێشکەوتنێکی گرنگ بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشییانە دادەنرێت و کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر قەڵەوی و شەکرەی جۆری دوو هەیە. ئەم نەخۆشییانە بە بێدەنگی گەشە دەکەن و لە کۆتاییدا دەبنە هۆی مردنی لەناکاو بەهۆی لەکارکەوتنی جگەر یان شێرپەنجەی جگەر.
دۆزینەوەکە لە گۆڤاری لانسێت (The Lancet) بڵاو کراوەتەوە و سەرنجی بواری پزیشکی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە. چونکە چارەسەرەکە هاوشێوەی چارەسەرە کۆنەکان هەوڵی لاوازکردنی قەڵەوی نادات، بەڵکوو ڕاستەوخۆ بۆ نەخۆشییەکە ئاڕاستە دەکرێت.
چارەسەرە نوێیەکە بۆ ئەنزیمێک لە جگەردا ئاڕاستە دەکرێت کە ناوە زانستییەکەی (DGAT2)یە و هۆکاری خەزنکردنی چەوریی جەستەیە. کاتێک ئەنزیمەکە کۆنتڕۆڵ دەکرێت، هۆکارەکانی چەوری و قەڵەوی خۆیان لەناو دەچن و نامێنن.
ئەم چارەسەرە لەسەر 160 کەسی پێگەییشتوو تاقی کراوەتەوە و چارەسەرخوازان مانگانە بە شێوەی دەرزی دەرمانەکەیان وەرگرتووە و گۆڕانی بەرچاو و بنچینەیی لە جەستەیاندا ڕووی داوە و ئەنجامەکان دڵخۆشکەر بوون.
قۆناغی کۆتایی و سێیەمی دەرمانە نوێیەکە بەم زووانە لەسەر ژمارەیەکی زۆر زیاتری خەڵک تاقی دەکرێتەوە بۆ دڵنیابوون لە کاریگەری و ئەگەری هەبوونی کاریگەریی لاوەکی. دواتر دەچێتە قۆناغی پەسەندکردنەوە بۆ بەکارهێنانی گشتی.