کۆشکی سپی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند ڕاپۆرتێکی تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران سەبارەت بە ڕەشنووسی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان ئەمەریکا و ئێران "بە تەواوی هەڵبەستراوە."
تەلەفزیۆنی دەوڵەتی ئێران ڕاپۆرتێکی بڵاوکردووەتەوە، کە چەند بانگەشەیەکی تێدایە سەبارەت بە ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە و ئەگەری ملنەدانی حکومەتی ئێران بۆ هێڵە سورەکانی ئەمەریکا.
هێڵی وەڵامی خێرای کۆشکی سپی، ناسراو بە ڕاپد ریسپۆنس 47، لەمبارەوە ڕایگەیاند، "ئەم ڕاپۆرتەی میدیای کۆنترۆڵکراوی ئێران ڕاست نییە و ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی ئەوان 'بڵاویان کردووەتەوە' بە تەواوی هەڵبەستراوە."
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی تەلەفزیۆنی ئێران بێت، لە ڕەشنووسی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەدا هاتووە پێویستە ئەمەریکا هێزەکانی لە ناوچەکە بکشێنێتەوە و کۆتایی بە ئابڵوقەی دەریایی بهێنێت، لە بەرامبەردا ئێران لە ماوەی مانگێکدا هاتووچۆی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز ئاسایی دەکاتەوە و "هەموو هاتووچۆکان لەلایەن ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێن."
کۆشکی سپی لە وەڵامدا دەڵێت، "نابێت کەس باوەڕ بەو شتانە بکات کە میدیای دەوڵەتی ئێران دەیخاتە ڕوو. ڕاستییەکان گرنگن."
ئەمە لەکاتێکدایە گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەنێوان ئەمەریکا و ئێران بەردەوامن.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی نیوز، ڕایگەیاند "زۆر هیوادارە" کۆماری ئیسلامی ئێران بە ڕێککەوتنێک ڕازی بێت کە پابەندبوون بە پەرەپێنەدان بە چەکی ئەتۆمی لەخۆ بگرێت و بەڵێن بدات هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نادات.