Accessibility links

ناسا بۆ دروستکردنی بنکەی مرۆڤ لەسەر مانگ گرێبەستی لەگەڵ 4 کۆمپانیا ڕاگەیاند

دەزگای ئەمەریکا بۆ واڵایی، ناسا، ڕایگەیاند لە کۆتایی ئەمساڵدا سێ ئەرکی تایبەت بە پرۆسەی دانانی بکەی هەمیشەیی مرۆڤ لەسەر ڕووی مانگ ئەنجام دەدات و بۆ ئەم مەبەستە گرێبەستی لەگەڵ چوار کۆمپانیا کردووە.

ناسا ڕایگەیاند هەنگاوەکان لە چەند مانگی داهاتوودا چڕ دەکاتەوە بۆ ئامادەکردنی جەمسەری باشووری مانگ بۆ نیشتنەوەی ئاسمانگەڕان و دانانی یەکەم بنکەی هەمیشەیی مرۆڤ.

گەشتەکانی کۆتایی ئەمساڵ بە سێ قۆناغ دەبن و مرۆڤ لەگەڵ خۆیان نابەن، بەڵکو کەلوپەلی زانستی پێویست هەڵدەگرن بە مەبەستی ئامادەکاری زیاتر لەسەر پێویستییەکانی دانانی بنکەیەکی پتەو و شیاو بۆ مانەوەی هەمیشەیی مرۆڤ. ناسا دەڵێت یەکەم گەشتی ڕاستەوخۆی بردنی مرۆڤ بۆ مانگ لە ساڵی 2028 دەبێت.

بەڕێوبەری ناسا جێرد ئایسکمان ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "بنکەی مانگ دەبێتە یەکەم مۆڵگەی ئەمەریکا و مرۆڤایەتی لەسەر جیهانێکی تر لە واڵایی. هەر یەکێک لەو ئەرکانە، بە هەڵگرتنی ئاسمانەوانان بێت یاخود بەبێ ئەوان، دەرفەتێکی فێرکارییە بۆ گەڕانەوەمان بۆ سەر ڕووی مانگ، دامەزراندنی ژێرخانی مانەوە و شارەزابوون لەو لێهاتووییانەی کە پێویستن بۆ ژیان و کارکردن لە یەکێک لە ژینگە هەرە بەئەرک و مەترسیدارەکان."

بەڕێوبەری ناسا جێرد ئایسکمان ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا قۆناغەکانی دانانی بنکەی هەمیشەیی مرۆڤ لەسەر ڕووی مانگ ڕادەگەیەنێت.
بەڕێوبەری ناسا جێرد ئایسکمان ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا قۆناغەکانی دانانی بنکەی هەمیشەیی مرۆڤ لەسەر ڕووی مانگ ڕادەگەیەنێت.

بەڕێوبەری ناسا دەشڵێت، "بەرەو مانگ دەڕۆین لە پێناو زانست، لە پێناو دەسکەوتە ئابووری و تەکنەلۆژیەکان و بۆ ئەو داهێنانانەی کە ژیان لەسەر زەوی باشتر دەکەن، وە بۆ ئامادەکاری بەرەو گەشتی داهاتووی مرۆڤایەتی."

لە چوارچێوەی گرێبەستەکانی ناسا، کۆمپانیای ئاسترۆلاب بە بەهای 219 ملیۆن دۆلار و کۆمپانیای لونەر ئاوتپۆست بە بەهای 220 ملیۆن دۆلار ڕاسپێردراون بە دروستکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە شیاوبن بۆ ژینگە و پێکهاتەی خاکی سەر ڕووی مانگ. کۆمپانیای بلو ئۆریجن بە بەهای 188 ملیۆن دۆلار ڕاسپیردراوە بە ئامادەکاری بۆ گواستنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانە.

ناسا هەروەها دەڵێت کۆمپانیای فایەرفلای ئەیرۆسپەیس بە بەهای 75 ملیۆن دۆلار ڕاسپێردراوە بە دروستکردنی چوار درۆن بۆ پێوانەکردنی شوێنەکانی جەمسەری باشووری مانگ.

بەرپرسانی ناسا پێشبینی دەکەن ئەو سێ قۆناغە هەڵدانی دەیان کەشتی واڵایی لەخۆ بگرێت.

بەڕێوبەری پرۆگرامی بنکەی مانگی ناسا، کارلۆس گارسییا-گالان، ڕایگەیاند، "قۆناغی یەکەم، بۆ نمونە، پێکدێت لە 25 هەڵدان، 21 نیشتنەوە، وە پلانمان هەیە نزیکەی چوار تەن لە پێداویستی بۆ سەر ڕووی مانگ بگوازینەوە."

ئەگەر قۆناغەکانی داهاتوو بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدرێن، بڕیار وایە ناسا ساڵی 2028 لە ڕێگەی گەشتی ئارتمیس چوار ئاسمانگەڕان ڕاستەوخۆ بباتەوە بۆ سەر مانگ.

This item is part of
XS
SM
MD
LG