Accessibility links

ترامپ هاوکاتی گفتوگۆکانی قەتەر، جەخت لەسەر "ئاشتی لەڕێگەی هێزەوە" دەکاتەوە

لە کاتێکدا دانوستانکارانی کۆماری ئیسلامی لە قەتەرن، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا وێنەیەکی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروث سوشیاڵ بڵاوکردووەتەوە و لەسەری نووسیویەتی "ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە."

سیاسەتی "ئاشتی لە ڕێگەی هێز"ەوە یەکێک لە دوکتورینە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی بەڕێوبەرایەتی ئێستای ئەمەریکایە بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی. سەرۆکی ئەمەریکا پێی وایە جگە لە لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی لە بواری دەریایی، مووشەکی و ئەتۆمی، هیچ ڕێگەیەکی دیکە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی نییە.

ئەم سیاسەتە چییە و پاشخانەکەی بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟

تیۆری "ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە" لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزراوە کە هێزێکی سەربازی بەهێز، دەتوانێت ئاشتی بهێنێتە ئاراوە.
ئەم چەمکە لە چوارچێوەی بەرفراوانتری تیۆری ئاشتیدا دانراوە و لەسەر بنەمای ڕێگریکردن دامەزراوە و بەستراوەتەوە بە مێژووی ئەمەریکاوە.

جۆرج واشنتن، یەکەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە پێنجەمین پەیامی ساڵانەیدا بۆ کۆنگرێس لە ساڵی 1793دا، سیاسەتی پاراستنی ئاشتی لە ڕێگەی ئامادەکاری سەربازییەوە خستە بەردەم ئەندامەکانی کۆنگرێس.

ئەو ڕایگەیاند ئەگەر بمانەوێت ئاشتی مسۆگەر بکەین کە یەکێکە لە بەهێزترین ئامرازەکانی گەشەسەندنی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانیمان، دەبێت ئەوە بزانرێت کە ئێمە لە هەر کاتێکدا ئامادەین بۆ شەڕ.

ئەم تیۆرییە لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا فۆرمێکی تایبەتی وەرگرت و بە تایبەتی لە سەردەمی سەرۆکایەتی تیۆدۆر ڕۆزڤێڵتدا کە بە ڕوونی ڕایگەیاند دەسەڵاتی سەربازی ڕێگرییەکی کاریگەرە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا.

یەکەم بەکارهێنانی بەرچاوی گشتیی ڕۆزڤێڵت بۆ ئەم دەستەواژەیە کاتێک ڕوویدا کە داوای زیادکردنی ئامادەیی دەریایی کرد بۆ پشتیوانیکردن لە ئامانجە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکە لەبەردەم کۆنگرێسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا.

ڕۆزڤێڵت سەردەمێک کە هێشتا پارێزگاری نیویۆرک بوو، لە نامەیەکدا بۆ هاوڕێیەکی ئاماژەی بە پەندێکی ئەفریقایی کردبوو و کە تێیدا دەڵێت "بە نەرمی قسە بکە و دارێکی گەورە هەڵبگرە؛ ئەو کاتە ڕێگایەکی دوور دەبڕیت."

ئەم تیۆرییە لە جەنگی سارددا گەیشتە لوتکەی خۆی، ئەو قۆناغە کە ئەمەریکا و یەکێتی سۆڤیەت جبەخانەی ئەتۆمی گەورەیان پەرەپێدا.

ئەم تیۆرییە دوای ئەوەی لە سەردەمی جەنگی سارددا بەکارهێنرا، دواجار بوو بە بنەمایەکی ناوەندی پارتی کۆمارییەکانی ئەمەریکا لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو و هەروەها بوو بە دروشمێکی ناسراوی ڕۆناڵد ڕیگان، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا.

ئەو تیۆرییە دەریخستووە کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە سنووردارکردنی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی نێوان زلهێزەکان. بەڵام ڕەخنەگرانی ئەم جۆرە تیۆرە لەوان ئینستیتیوتی توێژینەوەی ئاشتی ستۆکهۆڵم دەڵێن کە دەتوانێت پەرە بە پێشبڕکێی چەکداری بدات.

This item is part of
XS
SM
MD
LG